کۆمەڵی ئیسلامی چوارەمین کۆنگرەی دەبەستێت و چەند گۆڕانکارییەکیش دەکات

17-02-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن کۆنگرەی کۆمەڵ
A+ A-
رووداو-هەولێر 

کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، کۆنگرەی چوارەمی خۆی لە سلێمانی دەبەستێت و گوتەبێژی ئەو حیزبەش دەڵێت؛ سەرکردایەتی و ئەندامانی کۆنگرە بە کۆی دەنگ لەگەڵ ئەوەن کە ئەمیر خۆی بەربژێر بکاتەوە.
 
چوارەمین کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی بەگوتەی ئەندامانی ئەو حیزبە، کۆنگرەی گۆڕانکاری دەبێت و ئەگەری هەیە پاشگری ئیسلامی لە ناوی حیزبەکە لێبکرێتەوە و پۆستی ئەمیریش نەمێنێت.
 
رێبوار حەمەد، گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 10:00ی سبەی پێنجشەممە 18-2-2021، بە ئامادەبوونی 900 ئەندام، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کۆنگرەی چوارەمی خۆی لە سلێمانی دەبەستێت و دوو رۆژ دەخایەنێت.
 
لەبارەی پۆستی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامییەوە رێبوار حەمەد گوتی: عەلی باپیر بە سەرکردایەتی راگەیاندووە، کە نە بۆ پۆستی ئەمیر رادەکات و نە لێشی رادەکات. بەڵام بە گوتەی رێبوار حەمەد، بە کۆی دەنگ سەرکردایەتی و زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە، داوا لە ئەمیر دەکەن خۆی بەربژێر بکاتەوە.
 
بڕیاربوو لە 31ـی ئایار کۆمەڵی ئیسلامی کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت، بەڵام لەبەر مانگی رەمەزان لەلایەن لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەوە دواخرا بەو مەرجەی لە ساڵی 2019 دا ئەو کۆنگرەیە ببەسترێت. بەڵام نەتوانرا کۆنگرەکە ببەسترێ تاوەکو کۆرۆنا بڵاوبووەوە و زیاتر لە ساڵێکی دیکە دوایخست.
 
سەرکردە زویربووەکان دەگەڕێنەوە
 
نزیکەی 20 سەرکردەی دیاری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان زویربوون و لە کۆنگرەی سێیەمدا خۆیان بەربژێر نەکردەوە، دیارترینیان دڵشاد گەرمیانی، تۆفیق کەریم و مەروان گەڵاڵی بوون. 
 
تۆفیق کەریم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆنگرەی چوارەمدا گەڕاونەتەوە و سەرجەمیان ئەندامی کۆنگرەن. رێبوار حەمەد گوتی:" ئەوان هەر لەنێو کۆمەڵی ئیسلامی کوردستاندا بوون، لەم کۆنگرەیەشدا بێگومان ئەندامن و رۆڵی کارایان دەبێ".
 
ئەنجوومەنێکی نوێ دادەمەزرێت 
 
بەشێک لەو سەرکردانەی کە زویربوون، ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە نێو ئەنجوومەنی سیاسی و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسیش زۆرن، بۆیە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بیری لە چارەسەرێکی دیکە کردەوە.
 
تۆفیق کەریم دەڵێت: "لە کۆنگرەی چوارەمدا (ئەنجوومەنی دامەزراندن) دروستدەکرێت، کە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵی ئیسلامی تێیدا ئەندامن و رەنگە سەرۆکیشی نەبێت".
 
پاشگری ئیسلامی لادەبرێت؟
 
لەنێو کۆمەڵی ئیسلامی، دەنگێک هەیە پاشگری ئیسلامی لە ناوەکەی لێبکرێتەوە، بەڵام رایەکی زاڵ نییە و پێناچێت لە کۆنگرەدا زۆر دەنگ بێنێت.  
 
پێشتر فارووق عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو "بەو پێیەی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دەیەوێ حیزبەکە فراوانتربکات، دوورنییە پاشگری ئیسلامی و تەنانەت پۆستی ئەمیریش نەمێنێت و گۆڕانکاری بەسەردابێت، بەڵام دواجار کۆنگرە ئەوە یەکلایی دەکاتەوە".
 
کۆمەڵی ئیسلامی لە 31-6-2001 دامەزراوە و لە خوولی دووەمی پەرلەمانەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کردووە. لە هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە 109 هەزاردەنگی بەدەستهێنا، بەو رێژە دەنگەش کۆمەڵ بووە خاوەنی حەوت کورسی، یەکێک لە ئامانجەکانی کۆنگرەکەشیان ئەوەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ و کورسییەکانیان زیادبکەن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسێک تووشی پەتا بووە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە.

ئەنفلەوەنزا دەوامی قوتابخانەکانی ورمێی راگرت؛ سبەی پشووە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەنفلەوەنزا، سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.