رووداو دیجیتاڵ
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق نەناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت، "ناڵێم چیدیکە 200 ملیارەکە لەلایەن بەغداوە نانێردرێت"؛ پێیوایە ئەگەر حکومەت دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر هەموو داهاتەکاندا هەبێت، "دەتوانێت بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لە بەغدا وەربگرێت، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات و خەرجیی دیکەش بکات".
د. فازل نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی پێنجشەممە 17-02-2022 لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوت رایگەیاند، "بڕیارەکە دوو لایەنی هەیە؛ ئەگەر وەکو کوردێک سەیری بکەیت، ئەوا لە بەژەوەندی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە پیشەسازیی نەوت کە چەندین ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێوەی ماندوو بووە، ئێستا بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی عێراق وایلێهات کە دەبێت لەگەڵ بەغدا رێککەوتن بکەیت و نەوتەکە رادەستی بەغدا بکەیت لەگەڵ گرێبەستەکان و زۆر شتی دیکە کە ئەمانە هەمووی لێکەوتەی خراپی هەیە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ئایا ئەمە کۆتایی هەموو شتێکە؟ نەخێر. دەکرێت چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت، نەوەک چارەسەری خودی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق".
لەبارەی بژاردەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق، فازڵ نەبی بە پێویستی دەزانێت هەرێمی کوردستان چەند هەنگاوێک بگرێتەبەر، لەوانە، "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان جۆرێک لە دڵنیایی بداتە ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و پێیان رابگەیێندرێت کە ئەوان لەگەڵ بەغدا هاوئاهەنگی دەکەن و دەکەونە دانوستاندن".
هەنگاوی دواتر، بە بڕوای بریکارەکەی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، "وا پێویست دەکات هەر لە بەیانییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی بەغدا و بەتایبەتی وەزارەتی نەوت بکەوێتە دانوستاندن و خەڵکی بوێریش بنێرین لەگەڵیان بکەونە دانوستاندن، نەک ئەوانەی تەنیا دەڵێن (بەڵێ)".
سەبارەت بە جوڵاندنی ئەو کەیسە دوای چەندین ساڵ لە دادگەی فیدراڵیی عێراق، فازڵ نەبی پێیوایە، "دەستێک لەپشتی جوڵاندنی ئەو کەیسە هەبووە؛ ئەو دەستەش سیاسییەکانن. نەیارانی کورد لە بەغدا هەمیشە سوودیان لە هەبوونی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وەرگرتووە".
سەبارەت بە دواخستنی ناردنی 200 ملیارەکەش لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، فازڵ نەبی هۆکارەکەی دەبەستێتەوە بە یاسای بودجەی 2020 - 2021 و دەڵێت، لە یاسای بودجە "نرخی بەرمیلێک نەوت 30 دۆلار بوو؛ هەرێمی کوردستان مانگانە 200 ملیار دینارێکی دەکەوت، بەڵام کاتێک نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، ئەو 200 ملیارە کەم دەبێتەوە، چونکە دەقی ماددەکە دەڵێت، داهاتی 250 هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ، کە بە 30 دۆلار فرۆشتوویەتی هەرێمی کوردستان 200 ملیار دیناری کەوتووە، بەڵام مانگی دواتر کە بە 50 دۆلار فرۆشتوویەتی لە 200 ملیارەکە کەم دەبێتەوە، چونکە ئەو داهاتەی لە بەرامبەر 250 هەزار بەرمیلەکە کە دەبێت بیدەیتە بەغدا، بڕەکەی زیاد دەکات، ئەگەریش گەیشتە 80 دۆلار ئەوا ئێمە هیچمان ناکەوێت، بۆیەش بەغدا ئێستا 200 ملیارەکەی راگرتووە".
بریکارەکەی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق هۆکارێکی دیکەی نەناردنی 200 ملیار دینارەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ جوڵاندنی داوایەک لە دادگە و دەڵێت، "داوایەک لەسەر ئەو 200 ملیارە جوڵێندراوە، چونکە پەیوەست نییە بە دادگەی فیدراڵی، بەڵکو پەیوەستە بە دەستەی دەستپاکی. ئەوان پێیانوایە ئەو 200 ملیارەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە سەرپێچییە".
د. فازڵ نەبی دەڵێت، "ناڵێم چی دیکە 200 ملیارەکە لەلایەن بەغداوە نانێردرێت؛ لە سیاسەتدا هەموو شتێک دەرفەتی تێدایە. دەرفەتی ئەوە هەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا".
لەبارەی ئەگەری نەناردنی 200 ملیار دینارەکە و توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەر چاکسازییەکان بە تەواوەتی و رێکوپێکی بکرێن و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوەتیی بەسەر هەموو داهاتەکاندا هەبێت، ئەوکات دەتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات و خەرجیی دیکەش بکات، بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لە بەغدا وەربگرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ