رووداو دیجیتاڵ
نەخشەی گووگڵ (Google Maps) لە نوێترین گۆڕانکاریدا شاری کەرکووک و چەندین ناوچەی دیکەی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی لە سنووری دیجیتاڵیی هەرێمی کوردستان دەرهێنایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو خستبوونییە نێو سنوورەکەوە.
گۆڕانکارییەکان چین؟
ئێستا کاتێک لە گووگڵ ماپس گەڕان بۆ ناوی هەرێمی کوردستان دەکەی، سنوورەکە بە هێڵێکی سووری پچڕپچڕ کێشراوە و شار و شارۆچکەکانی کەرکووک، خانەقین، پردێ و خورماتوو لە دەرەوەی سنوورەکە نیشان دەدات.
ئەمە لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو، ئەم ناوچانە لەگەڵ کفری، مەخموور، گوێڕ، باشیک، بەحزان، تلسقۆف، زومار، عەین زالە و خانکێ، وەک بەشێک لە سنووری هەرێمی کوردستان دیاری کران، هەرچەندە لەو کاتەشدا شنگال و بەشێکی دەشتی نەینەوا لە دەرەوەی سنوورەکە مابوونەوە.
هۆکار چییە؟
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ زانینی هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە، پەیوەندی بە کۆمپانیای گووگڵەوە کردووە، بەڵام وەڵامێکی دەستبەجێیان نییە.
دیار بەکر، پەرەپێدەری سەرەکیی (Google Maps) و ئەپی (Waze) لە باشووری کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، هێشتا هۆکاری تەکنیکیی لابردنەکە روون نییە و وەڵامی فەرمییان لە تیمی گووگڵەوە پێنەگەیشتووە.
دیار بەکر، کە لە ساڵی 2017ـەوە وەک خۆبەخش کار بۆ چەسپاندنی ناسنامەی کوردیی شوێنەکان لە گووگڵ دەکات، ئاماژەی بەوە کرد کە پێیوایە ئەم لابردنە "کاتییە" و گووگڵ زوو زوو گۆڕانکاریی لەم شێوەیە دەکات.
ئەو هاونیشتمانییەی شاری کەلار پێشتر رایگەیاندبوو، زیادکردنی ئەو ناوچانە لەسەر دەستپێشخەریی ئەو بووە، دوای ئەوەی لە کۆڕبەندێکی گووگڵ لە پۆڵەندا پێشنیازەکەی خستبووەڕوو.
بۆ یەکەمجار لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا، گووگڵ سنووری هەرێمی کوردستانی دیاری کرد کە ئەوکات هەموو ناوچە جێناکۆکەکان لە دەرەوەی سنوورەکە بوون.
لە رووی یاساییەوە، دەستووری عێراق هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی دەناسێنێت، بەڵام تا ئێستا سنوورەکەی بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە.
ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کەرکووک و چەند شوێنێکی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین، دەکەونە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراق کە دەبوو تا ساڵی 2007 لە رێگەی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسیەوە چارەنووسیان دیاری کرابا، بەڵام تا ئێستا مادەکە جێبەجێ نەکراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام داوای جێبەجێکردنی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ