وردەکاریی کوشتنی ئەفسەرە کریستیانەکەی کەرکووک؛ "هاوکارە پێشووەکانی کوشتیان"

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەکاریی کوشتنی عەقید زەید عادل سوبەیح لە کەرکووک ئاشکرا دەکات و دەڵێ، دوو لە هاوکارەکانی پێشووی تاوانەکەیان ئەنجامداوە کە دواتر یەکێکیان خۆی کوشتووە و کەسەکەی دیکەش دەستگیرکراوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 19-12-2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵنەری تاوانەکە "کێشەی تایبەتی" بووە و لە ئەنجامی ناکۆکی لەگەڵ عەقید زەید، دوو هاوکاری پێشووی کە کارمەندی پۆلیسن، لەبەردەم ماڵەکەیدا کوشتوویانە و دواتر هەڵاتوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری، ناسنامەی تۆمەتبارەکان ئاشکراکراوە و دەرکەوتووە یەکێکیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی لە ناحیەی لەیلان خۆی کوشتووە و تۆمەتبارەکەی دیکەش کە برای تۆمەتبارەکەی دیکەیە دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەدا ناوە.
 
هاوکات، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی پشتڕاستکردەوە و دەستخۆشی لە پۆلیسی کەرکووک کرد "بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەم تاوانە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، تاوەکو رادەستی دادگەیەکی دادپەروەر بکرێ."
 
 
محەممەد وەیس، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان کە تاوانەکە لەو سنوورە روویداوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تۆمەتباری سەرەکی ناوی (ح. س. س)ە و پێشتر ئەفسەر بووە، بەڵام بەهۆی "کێشەیەک لەسەر ساختەکاری" لەگەڵ عەقید زەید لە کارەکەی دوورخراوەتەوە. 
 
بە گوتەی محەممەد وەیس، "ح و براکەی و ئامۆزایەکی پێکەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە، عەقید زەیدیان کوشتووە."
 
عەقید زەید عادل سوبەیح جەرجیس، لە پێکهاتەی کریستیانە، خێزاندار بوو و باوکی سێ منداڵ بوو. پۆستەکەی بریتی بوو لە بەڕێوەبەری بەشی جێبەجێکردنی تێبینییەکانی وەزیری ناوخۆ لە پۆلیسی کەرکووک.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە