رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی خاڵەبەگ لە ناحیەی باوەنووری سەر بە قەزای رزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی شەڕە تەقە لەنێوان دوو بنەماڵە روویدا. جەمال مام ساڵح، قایمقامی رزگاری بە رووداوی راگەیاند، 4 كەس كوژراون و 7ی دیکە بریندار بوون.
رۆژی هەینی 19-12-2025 قایمقامی رزگاری بە رووداوی گوت: "كێشەی زەویوزار لەنێوان دوو بنەماڵەكە هەبووە و كەیسەكەیان لە دادگە بووە، بەڵام ئەمڕۆ پێش ئەوەی كەیسەكە یەكلابێتەوە بووەتە شەڕیان و 4 كوژراو و 7 برینداری لێكەوتووەتەوە."
جەمال مام ساڵح گوتیشی: "کەیسەکە 6 مانگە لە دادگە بوو و پێش یەکلاییبوونەوەی، دەمەقاڵی لەنێوان بنەماڵەکان دروستبووە و بە چەک رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە. 4 لە کوژراوەکان لە یەک بنەماڵەن و 7 بریندارەکەش لە هەردوولان. دوو بریندار دۆخیان باش نییە."
لەبارەی ناوی کوژراو و بریندارەکانیش، جەمال مام ساڵح گوتی: "ئەوانەی کوژراون ناویان فەرەیدوون حەسەن، بێستوون حەسەن و فەرهاد حەسەنە و برای یەکدین. کوژراوی چوارەمیش ناوی نەوزادە و ئامۆزا و زاوای کوژراوەکانە. بریندارەکانیش ناویان مەسعود، شەریف، محەممەد، ئیبراهیم، بایز، ئەرکان و هێمنە."
بەگوتەی قایمقامی رزگاری، بریندارەکان لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژاری کەلار گوتی: "بەشێک لە بریندارەکان دۆخیان ناجێگیرە و نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ