رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر رەتیدەکاتەوە هیچ مامۆستایەکی ئایینیان لە گوتاردان دوورخستبێتەوە و دەڵێت، مامۆستا فاتیح شارستێنی خۆی دەگەڕێتەوە سلێمانی.
شەوی رابردوو هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە گوایە مامۆستای ئایینیی فاتیح شارستێنی، "بەهۆی گوتاری تووندەوە" لە گوتاردان لە مزگەوتی رێگەی بەهەشت لە هەولێر دوورخراوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە تەیب زرار، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر رەتیکردەوە فاتیح شارستێنی دوورخرابێتەوە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە دوورمان نەخستووەتەوە؛ خۆی گوتوویەتی دەگەڕێتەوە سلێمانی و لە هەولێر نامێنێت".
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، فاتیح شارستێنی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە بەرنامەیەکەوە کە خۆی پێشکێشکارێتی لە یەکێک لە کەناڵە نێوخۆییەکان دەڵێت، "ناتوانم وەک پێویست لە هەولێر بمێنمەوە؛ نە پلەم هەبووە و نە کارمەندی ئەوقاف بووم و نە مووچەخۆری حکومەت بووم".
شارستێنی باس لەوە دەکات، وەکو میوان لە هەولێر بووە و کاتی میواندارییەکەی تەواو بووە؛ لەبارەی هۆکارەکەشییەوە دەڵێت، "کار و ژیانم لە سلێمانییە و هاتووچۆم زەحمەتە و رێگەکە دوورە. هیچ بابەتێکی دیکە نییە".
مزگەوتی رێگەی بەهەشت لە گەڕەکی رۆشنبیری شاری هەولێرە و زیاتر لە چوار ساڵە فاتیح شارستێنی گوتاربێژی مزگەوتەکەیە و نزیکەی سێ هەفتەیە لەو مزگەوتە گوتاری پێشکێشی نوێژخوێنانی مزگەوتەکە نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ