سوپای عێراق لە سنووری کەرکووک رێگری لە جووتیارانی کورد دەکات

17-02-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لە سنووری شەناغە و سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن بەڵام سوپای عێراق رێگریی لێ کردن. پەرلەمانتارێک دەڵێت، یاسای گەڕاندنەوەی موڵک نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە و فەهمی بورهانیش دەڵێت، سوپای عێراق گوتوویەتی سکاڵا تۆمار دەکەن. 
 
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، سوپا هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە لەوەی رێگرییان لێ بکات و دەڵێت: "چیدیکە چاوەڕێ ناکەین و زەوییەکانمان دەکێڵین."
 
بەشێک لە شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن گرژی دروستبووە و سوپا ئازاری جووتیارانی داوە. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە پەرلەمان  یاسای گەڕاندنەوەی موڵکی بۆ خاوەنەکانیان پەسند کردووە. 
 

 

 

دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بەرگری لەسەر هێڵن و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، هەرچەندە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە، سەرۆککۆمار پەسندی کردووە و پابەندکەرە. دەشڵێت، دەکرێت بۆ ماوەی هەفتەیەک تا 10 رۆژی دیکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە و بچێتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
گوتیشی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یاساکە لە رۆژنامەی فەرمی، هەموو لایەنێک پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی. هاوکات، داوای لە جووتیاران کرد: "ئەم چەند رۆژە دان بەخۆتان دا بگرن تاوەکو یاساکە بڵاودەبێتەوە." 
 
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچەی کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەبارەی رێگریکردن لە جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان: کە یاسا دەرچووە، چۆن دەبێت سوپای عێراق بگاتە نێو زەویی جووتیارانی کورد؟ 
 
دەشڵێت: "ئەمڕۆ سێ جار قسەم لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک کردووە. دڵنیای کردمەوە کە نووسراوێکی جیدی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و دڵنیای کردمەوە کە بە جیدی دەیەوێت ئەم رێگریە چارەسەر بێت."
 
هاوکات قسەی لەگەڵ نوێنەری جووتیاران کردووە: "بە ئێمەیان راگەیاند کە متمانەیان نییە سوپا لە ماوەی پێنج رۆژ دا بکشێتەوە."
 
سەرۆکی دەستەی ناوچەی کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گلەیی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق هەیە: "دەبوو فراکسیۆنە کوردییەکان ئەم کێشەیەیان چارەسەر کردبا. هەوڵی زۆریان داوە، بەڵام چاوەڕێی هەوڵی زیاترین."
 
 
هاوکات دەڵێت پێویستە سوپای عێراق بکشێتەوە؛ "جووتیاران سنووریان نەبەزاندووە. داوای ئێمە ئەوە بووە دەستوور بکرێتە بنەما."
 
باسی لەوەش کرد کە سوپای عێراق "خۆی بە ستەملێکراو دەزانێت و گوتوویەتی سکاڵا تۆمار دەکات." 
 
رۆژی 21-01-2025 پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و نەچووەتە جێبەجێکردنەوە.
 
یاساکە پەیوەندیی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە هەیە. یاساکە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵى ئەو کەسانەى کە بەگوێرەى هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشوو (بەعس) لێیان داگیرکرابوو.
 
پێش یاساکە و لە 08-11-2024ـەوە رێگە نەدەدرا جووتیارانی کورد لە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکە لە ناحیەی سەرگەڕان لە کەرکووک زەوییەکانیان بکێڵن. نوێنەری جووتیارانی سنوورەکە دەڵێت، دوای یاسەکەش دەرکراوە، بەڵام رێگری بەردەوامە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 وێنەکە لە بەنامەکەوە وەرگیراوە

بەرپرسیاری رەمەزان؛ باوکی 3 منداڵ بە یەک قاچەوە قوتوو و کارتۆن کۆدەکاتەوە

خۆشناو عەبدولڕەزاق، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی کەمئەندامە لە هەولێر، کە بە یەک قاچەوە ناچارە کارتۆن و قوتووی بەتاڵ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خێزانە پێنج کەسییەکەی دابین بکات. ئەو رۆژانە کەمتر لە 5 هەزار دیناری دەستدەکەوێت، لە کاتێکدا مانگانە 200 هەزار دینار کرێی خانووەکەی دەدات.