هۆشداریی هاتنی سەرمایەکی تووند دەدرێت کە 'هاوشێوەی نەبووە'؛ شەپۆلێکی بەفر و باران بەڕێوەیە

17-02-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسێک سەبارەت بە سەرمایەکی تووند هۆشداری دەدات و دەڵێت، "بارستە هەوایەک بەڕێوەیە، ساڵانی پێشوو هاوشێوه‌ی نەبووە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 17-02-2025 محه‌ممه‌د كه‌مال، پێشبینیكار و شاره‌زای كه‌شناسی بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت، "له‌ 20 تاوه‌كو 25ی شوباتی 2025 بارستە هەوایەکی جەمسەریی ساردی رووسیا روو لە ناوچەکەمان دەکات. سەرتاسەری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی نزمه ‌پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی به‌هێز و سه‌رمایه‌كی تووند."
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، پێشبینی دەکرێت به‌فر و بارانێكی باش ببارن، كه‌ ساڵانی پێشوو "هاوشێوه‌ی ئه‌م بارسته ‌هه‌وا جه‌مسه‌رییه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ناوچه‌كه‌مان." دەشڵێت، دەستپێکی بارستەهەواکە لە 21 و 22ی مانگ بە بارانبارین دەستپێدەکات، لە 23 و 24ی شوبات ئەگەری بەفربارین لە تەواوی سەنتەری شارەکان هەیە بە گەرمیان، کەرکووک، سلێمانی و هەولێرەوە؛ پێشبینی دەکرێت تەواوی شارەکان سپیپۆش بکات.
 
لەبارەی دابەزینی پلەی گەرماوە، ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێت، هۆشداریی دابه‌زینێكی به‌رچاوی پله‌ی گه‌رما هەیە، لە شارەکانی سۆران و سلێمانی بە دەوروبەریانەوە لە کاتی شەو تاوەکو بەرەبەیان، نزیکەی 14 بۆ 15 پلەی ژێر سفر تۆمار دەکرێت.
 
دەشڵێت، "پێشبینی دەکرێت بەرزترین پلەی گەرما لە سنووری سلێمانی -2 و لە سنووری هەولێر 2 پلەی سیلیزی بێت؛ واتە سەرمایەکی سەختی جەمسەرییە."
 
لەبارەی رێژەی بارانبارینەوە، محه‌ممه‌د كه‌مال روونیکردەوە، "رێژەی بارانبارین بە شێویەکی گشتی 25 ملـلیمەتر بەرەو سەرەوە دەبێت."
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 18 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 14پلەى سیلیزى
دهۆک: 16 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 19 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 17پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 15 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 1 پلەى سیلیزى
سۆران: 13 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 18 پلەى سیلیزى
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە