رووداو - دیجیتاڵ
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (باڵی گردی زەرگەتە) ئەنجامی کۆنفرانسەکەی دوێنێی "باڵی کوردسات"ـی لە کەرکووک رەتکردەوە و دەڵێ، کۆنفرانسەکە سەپێندراو بووە و هەموو رێکارێکی یاسایی لە دژی دەگرنەبەر.
رۆژی سێشەممە، 17-02-2026، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (باڵی گردی زەرگەتە) راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆنفرانسەکەی دوێنێی رایگەیاند، "بەهەموو شێوەیەک سەرجەم پرۆسەی بەناو کۆنفرانسی سەپێندراوی رۆژی دووشەممە 16-02-2026ـی گەڕەکی کوردسات رەت دەکەینەوە"
جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ئاماژەی بەوەش دا، ئامادەبوونیان لەو پرۆسەیە تەنیا بۆ سەلماندنی "نایاساییبوونی ئەو پرۆسە ناشەرعییە" بووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە دا، باڵی گردی زەرگەتە ئاماژە بە یاسای ژمارە 36ـی ساڵی 2015ـی پارتە سیاسییەکانی عێراق دەکات و دەڵێت: "حیزب بڕیاری دیاریکردنی کات و شوێنی بەستنی کۆنفرانس دەدات، نەک کۆمیسیۆن بە سەپاندن و لایەنداری بڕیار بدات."
جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو رێکارێکی یاسایی دژ بە "ساختەکاری و دەستتێوەردانە سیاسی و ناقانونییەکان" دەگرنەبەر و پەیڕەوی لە رێبازی نەوشیروان مستەفا دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە لە کەرکووک کۆنفرانسێک بە بەشداری 2 هەزار و 132 کەس کە ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی بزووتنەوەکە ناویان لە بەغدا تۆمار کردبوو مافی بەشداربوونیان هەبوو بەرێوەچوو.
پێشتریش هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان پێکەوە و بە جیاش ساڵی رابردوو کۆنفرانسیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان لە بەدەستهێنانی رەزامەندی کۆمیسیۆن و خاوەنداریکردنی فەرمیی جووڵانەوەکە سەرکەوتوو نەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ