هاوسەرۆکی دەم پارتی: ئۆجەلان دەڵێ مێژوو بە بێ کورد نابێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێ، ئەوەی ئێستا لە تورکیادا هەیە رزگارکردنی مێژووە و مێژووش بە بێ کورد نابێت.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 17-2-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، باسی لە دیداری شاندی پارتەکەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
 
باکرهان گوتی:" بەرێز ئۆجەلان دەڵێ، باسی رزگارکردنی مێژوو دەکەین، نەوەک رزگارکردنی رۆژ؛ هەروەها دەڵێ مێژوو بە بێ کورد نابێت. لەکاتێکدا باسی پرسێکی 100 ساڵە دەکەین، بانگی تەواوی سەرۆکی پارتەکان دەکەین لە لووتکەیەکدا کۆببنەوە. پێویستە لووتکەیەکی سەرۆک پارتەکان بە میوانداریی بەڕێز سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت".
 
پرۆسەی چارەسەری لە رۆژی 1-10-2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی و پشتگیریی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستیپێکرا.
 
رۆژی دووشەممە 16-2-2026 شاندی ئیمراڵی دیدارێکی سێ کاژێری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد.
 
میدحەت سانجار، ئەندامی شاندەکە دوای دیدارەکە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ میدیاکان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئۆجەلان ئەم دیدارەی بە "کۆبوونەوەی دەستپێکردنی یەکگرتنەوە" ناوبردووە.
 
ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی بۆ 16 مانگی رابردووی پرۆسەکە کردووە و گوتوویەتی: "قۆناخی یەکەم کۆتایی هاتووە کە تایبەت بوو بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەیی و تێکۆشانی چەکداری. جەوهەری ئەم قۆناخە، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەک بوو، ئەمەش بڕیارێکی ستراتیجییە بۆ من."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە