رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، نرخی کاڵاکان بەگشتی جێگیرە و دەشڵێت: "رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی گۆشت دەکەین."
دیار جەمال، لێپرسراوی هۆبەی چاودێری و پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی گوتی، "پێش هاتنی هەر بۆنەیەکی ئایینی یان نەتەوەیی، بەتایبەت مانگی پیرۆزی رەمەزان، ئێمە وەک لایەنی پەیوەندیدار پلانی پێشوەختەمان هەیە و بە حەوت تیمی جیاواز لە کاتە جیاجیاکاندا بڵاودەبینەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و چاودێریکردنی کوالێتی و نرخی خۆراک."
لەبارەی دۆخی ئێستای بازاڕ، دیار جەمال ئاماژەی بەوە کرد تاوەکو ئێستا نرخەکان لە سلێمانی جێگیرن و هیچ هەڵاوسانێکی بەرچاو دروست نەبووە. گوتیشی: "ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، لە زۆربەی مارکێت و هایپەرمارکێتەکان کێبڕکێی داشکاندن هەیە، ئەمەش خزمەتێکی باشی بە هاونیشتمانییان گەیاندووە."
لەبارەی نرخی گۆشتی سوورەوە، لێپرسراوەکەی چاودێریی بازرگانی دەڵێت، "بەهۆی کاریگەریی وشکەساڵی لە ساڵانی رابردوو و کەمبوونەوەی سامانی ئاژەڵ، تەنیا لەم هەفتەیەدا نرخی هەر کیلۆیەک ئاژەڵی زیندوو، نزیکەی هەزار بۆ هەزار و پێنجسەد دینار بەرزبووەتەوە".
گوتیشی، "ئێستا لەگەڵ پارێزگا، قایمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵین بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتر."
قسەکانی ئەو بەرپرسە ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشكێشیکرد.
دیار جەمال ئاماری چالاکییەکانی ساڵی رابردووی خستەڕوو و رایگەیاند:
- چوار هەزار و 864 سەردانی مەیدانی بۆ شوێنە جیاوازەکان ئەنجامدراوە.
- هەزار و 478 پسوولەی سەرپێچی تۆمارکراون.
- دەست بەسەر زیاتر لە 11 تۆن مادەی بەسەرچوودا گیراوە.
- کۆی گشتیی پێبژاردنی دارایی بەسەر شوێنە بازرگانییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 101 ملیۆن دینار.
ئەو بەرپرسەی چاودێریی بازرگانی ئاماژەی بە گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی سزادانی سەرپێچیکاران کرد و گوتی: "بڕیارمانداوە چیدیکە شوێنە بازرگانییەکان دانەخەین، چونکە داخستن دەبێتە هۆی بڕینی نانی ئەو کرێکارانەی لەوێ کار دەکەن؛ لەبری ئەوە سزای دارایی قورسمان پەیڕەو کردووە کە ئەنجامێکی زۆر باشی هەبووە و خاوەن کارەکانی ناچار کردووە پابەندی رێنماییەکان بن."
بەهۆی زیادبوونی خواست لە مانگی رەمەزاندا، چاودێریی بازرگانی سلێمانی چالاکییەکانی تیمەکانی چڕتر دەکاتەوە، بەتایبەت لەسەر کارگەکانی شیرینی، عەلوەکان و ئەو شوێنانەی شەربەت و خورما دەفرۆشن.
دیار جەمال دەڵێت، سەرەڕای زیادکردنی پێناسی گومرگی لە عێراق، بەڵام لە سلێمانی نرخەکان جێگیرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ