رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە باران بە لێزمە دەبارێت و لە زۆربەی شارەکان نزیکەی 50 ملیمەتر باران دەبارێت. کەشناسێکیش دەڵێت، سێشەممە لە تەواوی هەرێمی کوردستان مەترسیی لافاو هەیە. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەڵێن لە ئامادەییدان.
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی کەشناسیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، پێشبینی دەکرێت بڕی بارانبارین لە شاری دهۆک سەرووی 60 ملیمەتر بێت، لە ناوچە شاخاوییەکان و لە ناوچە سنوورییەکانی وەکو ئاکرێ، شیلادزێ، چەمانکێ و ئامێدی زیاتر لە 70 ملیمەتر ببارێت و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 45 بۆ 60 ملیمەتر ببارێت.
کەشناسی لەبارەی پارێزگای هەولێرەوە رایگەیاندووە، لە سەنتەری هەولێر زیاتر لە 40 ملیمەتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگاکە 60 ملیمەتر باران دەبارێت. هەر بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە 60 ملیمەتر باران ببارێت.
لە راگەیێندراوەکەدا سەبارەت بە بڕی بارانبارینی پارێزگای سلێمانی هاتووە، "سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە پارێزگای هەڵەبجە زۆربەی کات لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ و ئێوارە بارانبارینی بە لێزمەی دەبێت و بارانی پێشبینیکراوی لە ماوەی کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەم شێوەیە سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکانی 45 – 75 ملیمەتر دەبێت".
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە 35 بۆ 45 ملیمەتر و لە پارێزگای هەڵەبجەش 25 بۆ 35 ملیمەتر باران دەبارێت؛ لە ئیدارەی راپەڕینیش 65 بۆ 85 ملیمەتر پێشبینیکراوە.
کەشناسی دەڵێت، لە شەپۆلەکەدا تەرزە دەبارێت و خێرایی با زیاتر دەبێت لە 25 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. ئاماژە بەوەش کراوە، "کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە رۆژی چوارشەممە لاواز دەبێت و لە کاتەکانی دواینیوەڕۆی هەمان رۆژ کۆتایی دێت".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی بەیانییەکەی تاوەکو نزیک کاژێر 11ـی نیوەڕۆ لە هەولێر باران دەبارێت. دواتر لە ناوچەکانی دیکە و بەشێوەی بڕی جیا لە کاتی جیادا باران دەبارێت. گوتیشی، "کاژێرەکانی بەرەبەیانیی سێشەممە شەپۆلەکە چڕ دەبێتەوە و لە تەواوی هەرێمی کوردستان مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە".
محەممەد کەمال گوتی، لەم شەپۆلەدا تەرزە و هەورە برووسکە دەبێت؛ لە هەندێک ناوچە بەهێزیی بارینی تەرزە دوور نییە زیان بە ماددە ناسکەکان و تەنانەت ئۆتۆمبێلیش بگەیێنێت.
لایەنە پەیوەندیدارەکان: لە ئامادەباشیداین
لەبارەی ئامادەکارییەکانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو، رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لایەنە فەرمییەکان ئاگاداریان نەکردوونەتەوە لە مەترسی لافاو، بەڵام خۆیان بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسان دەستیان بە ئامادەکاری کردووە و بۆ ئەو رۆژە لە ئامادەییدا دەبن.
هەروەها بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە هەولێر ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "ئاگاداری دۆخەکەین و بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی لافاو هەموو ئامادەکارییەک کراوە و تیمە جیاکان لە ئامادەییدا دەبن".
کەشوهەوای رۆژانی نەورۆز
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی باسی لە کەشوهەوای رۆژانی جەژنی نەورۆز کرد و گوتی، "19ـی ئەم مانگە چەقی شەپۆلەکەیە، 20ـی مانگیش باران دەبارێت، 21ـی مانگیش بارانبارین بەشێوەیەکی لاوازتر بەردەوام دەبێت و 22ـی مانگیش بارانی باش دەبارێت".
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، 24ـی ئەم مانگە شەپۆلەکە کۆتایی دێت و دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پلەی گەرمای سبەی دووشەممەی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:
- هەولێر؛ 16 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 17 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 15 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 16 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 16 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 18 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 14 پلەی سیلیزی
- حاجی ئۆمەران؛ 7 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 21 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ