کوردستان
نۆرەی هاونیشتمانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە بۆ وەرگرتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل. وێنە: سازگار سەڵاح - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە کۆدی پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێکرد. بەهۆی ئەوەی یەکەم جارە تابلۆی ژمارە هەڵەبجە دابەش دەکرێت، قەرەباڵخییەکی زۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە دروستبووە.
عەمید ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە ئەمڕۆ یەکشەممە 17-03-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە و دڵنیایی دا کە هەموو هاونیشتمانیان بەڕێدەکەن.
بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە ئەوەی خستەڕوو، سیستمەکە خێرایە و لە خولەکێکدا پێنج هاونیشتمانی بەڕێ دەکەن و مافی هیچ کەسێک پێشێل ناکرێت.
بەشێکی ئەو تابلۆیانەی خواستی زۆریان لەسەرە "ژمارەی دڵخواز"یان پێ دەگوترێت و پێشتر لە پارێزگاکانی دیکە بە دوو ملیۆن دینار فرۆشراون. لە هەڵەبجە "ژمارەی دڵخواز" ئەمڕۆ بەردەستە بە هەمان بڕە پارە، ئەوەش هۆکارێکی دروستبوونی قەرەباڵخییە.
کۆدی ژمارەی ئۆتۆمبێلی هەڵەبجە 23یە؛ پارێزگای هەولێر 22؛ سلێمانی 21 و دهۆکیش کۆدەکەی 24ـە.
15ی ئەم مانگە هاتووچۆی هەڵەبجە رایگەیاند، لە یەکشەممەوە بە کۆدی ژمارە 23 کە تایبەتە بە پارێزگەکە دەست بە دابەشکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەکرێت.
ئەو هاونیشتمانییانەی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەولێر، سلێمانی و دهۆکیان هەیە دەتوانن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆیان داواکاری پێشکێش بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنیان لە هاتووچۆی هەڵەبجە و تەنیا پارەی رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانیان لێ وەردەگیرێت.
بەگوێرەی هاتووچۆی هەڵەبجە، هەر هاونیشتمانییەک خواستی کڕینی ژمارەی دڵخوازی خۆی هەیە، دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات کە لە ژمارە (1000-23)ەوە دەستپێدەکات.
رۆژی 22-02-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە، تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجە راگەیێندرا.
ژمارەی نوێی ئۆتۆمبێل بۆ یەکەم جار لە 25-04-2022 لە هەولێر یەکەم تابلۆی لێ چاپکرا، چەند رۆژێک دواتر و 28ـی هەمان مانگ لە سلێمانی و دواتر لە دهۆک چاپکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ