رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، بکوژی ئەندامەکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانیان دەستگیرکردووە. بەرپرسێکی باڵای هێزە ئەمنییەکان دەڵێت، تۆمەتبارەکە هەر لە سنووری تاوانەکە دەستگیرکراوە.
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئاسایشدا هاتووە، "ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی ئەندامەکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، دەستگیرکرا."
لەبارەی رووداوەکەوە، ئەفسەرێکی باڵا لە هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان، هەر لە سنووری تاوانەکە و لە پارێزگای سلێمانی، تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە.
ئەو بەرپرسە بە هۆکاری لێکۆڵینەوەکان، ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر لەبارەی تۆمەتبارەکە و هۆکاری تاوانەکە بخاتەڕوو.
رووداوەکە دوێنێ روویدا، پاشان عەلی رەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە) پێشمەرگە و کادیرێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری بارەگای زڕگوێز تیرۆرکرا."
ئەو کەسەی کوژرابوو ناوی شوعەیب زارعی و تەمەنی 33 ساڵ بوو، خەڵکی هەورامانی تەخت و ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو؛ نزیکەی 10 ساڵ بوو پێشمەرگە بوو.
هەروەها کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا داوای لە ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، "دەستی رەش و نەگریسی تیرۆری کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی باشوور کورت بکەنەوە و پارێزەری رۆڵەکانی رۆژهەڵات بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ