راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ رووداو: کار بۆ پاراستنی سەربازەکانمان لە عێراق دەکەین

17-04-2024
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، لە خەمی سەلامەتیی سەربازانی وڵاتەکەیانن لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە.
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە رووداوی گوت، لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی پشتگیریی نێودەوڵەتی، سەربازانی ئەڵمانیا لەو وڵاتانەن.  
 
شۆڵتز گوتی، "ئێمە کار بۆ سەلامەتیی سەربازەکانمان دەکەین لە عێراق و وڵاتانی دیکە."
 
رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2023 حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ یەک ساڵی دیکە درێژبکاتەوە.
 
لە ساڵی 2014ـەوە ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە کە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی، مەشق و راهێنان، هاوبەشیکردنی زانیاریی هەواڵگری، لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و سزادانی چەکدارەکانی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان، یارمەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات. 
 
ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بریتییە لە:
 
- راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
- هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
- کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەبارەی جموجۆڵەکانی داعش و پێدانی ئەو زانیارییانە بە پێشمەرگە و سوپای عێراق.
- دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکەکانی ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
 
بەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەڵمانیا، هێزەکانی ئەو وڵاتە تاوەکو 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەمێننەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە