رووداو دیجیتاڵ
دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921 و پاش تێپەڕینی 105 ساڵ، بۆ یەکەم جار پارێزگارێک بۆ شاری کەرکووک هەڵبژێردرا کە لە نەتەوەی تورکمانە.
دوای سێ جار لە دیاریکردنی کات و دواخستنی، دواجار کاژێر 8:30ی شەوی پێنجشەممە، 16-4-2026، دەرگای هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووی ئەندامانیدا کرایەوە.
پێش ئەوەی چەکوش لێبدرێت، پشت پەردەی کۆبوونەوەکە پڕ بوو لە قسە و ململانێی سیاسی. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خاوەنی پۆستی پارێزگار بوو، بە مەرجی وەرگرتنی ژمارەیەک پۆستی ستراتیژی، ئامادە بوو لە کورسیی یەکەمی شارەکە بێتە خوارەوە.
لەنێو هۆڵی ئەنجوومەندا، سەرەتا نامەی دەست لەکار کێشانەوەی رێبوار تەها پەسندکرا، دەستبەجێ محەممەد سەمعان وەک بەربژێری بەرەی تورکمانی، بە زۆرینەی دەنگ وەک پارێزگاری نوێی شارەکە هەڵبژێردرا.
یەکێتی لە بەرامبەر ئەم سازشە بۆ تورکمانەکان، دەستکەوتی کەمی نەبوو؛ پۆستەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، جێگری پارێزگار، قایمقامەکانی کەرکووک و داقووق، بەرپرسی پلاندانان، پێنج راوێژکار، سێ یاریدەدەری پارێزگار و فەرماندەی پۆلیسی کەرکووکی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
ئەم نەخشە سیاسییە تەنیا بۆ چەند مانگێکە؛ بەپێی رێککەوتنەکە، لە کۆتایی ئەم ساڵدا دەبێت تورکمانەکان پۆستی پارێزگار رادەستی پێکهاتەی عەرەب بکەن. ئەو کات سەرۆکی ئەنجوومەن دەدرێتە کورد و جێگری پارێزگاریش بۆ عەرەب دەبێت، تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنێکی دیکەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام دەدرێت.
لە پاش رووخانی رژێمی بەعسەوە، محەممەد سەمعان پێنجەم پارێزگاری کەرکووکە و یەکەم پارێزگاری تورکمانی شارەکەیە لە 100 ساڵی رابروودا pic.twitter.com/a9Jo903WvL
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 16, 2026
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ