جێگری سەرۆککۆماری ئێران: زیاتر لە 60 هەزار کەس لە کرماشان کارتی کۆڵبەرییان پێدەدرێت

17-05-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن دەڵێت، زیاتر لە 62 هەزار کەس لە پارێزگای کرماشان کارتی کۆڵبەرییان پێدەدرێت و دەتوانن بەو کارتانە لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە کاڵا هاوردە بکەن.
 
محەممەدجەعفەر قائیم پەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پلاندانان و گەشەپێدانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کراوە، حکومەت بڕیاری داوە ئەم ساڵ کارتی کۆڵبەری بداتە دانیشتووانی سنووریی چەند ناوچەیەک، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە لە پارێزگای کرماشان 62 هەزار و 500 کەس کارتی کۆڵبەریان پێبدرێت، بۆئەوەی بتوانن بازرگانیی سنووری بکەن و لە دەروازە سنوورییەکانەوە کاڵا هاوردە بکەن."
 
محەممەدجەعفەر قائیم پەنا گوتی، "پێشبینی کراوە ئەو کەسانە ئەم ساڵ بەو کارتە کۆڵبەریانە بایی 450 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردە بکەن."
 
بە بڕیاری حکومەتی ئێران، چەند ناوچەیەکی سنووریی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لە لایەن کۆڵبەرانەوە دەستنیشان کراون.
 
بڕیارەکە ناوچەکانی بانە، مەریوان، سەقز و سەوڵاوا لە پارێزگای سنە و ناوچەکانی جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، پاوە و سەرپێلی زەهاو لە کرماشان دەگرێتەوە؛ هەروەها ناوچەکانی سەردەشت، میراوە و پیرانشار لە پارێزگای ورمێش دەگرێتەوە.
 
پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی رۆژی 22-12-2023یدا پڕۆژەیاسای "رێکخستنەوە و چاودێریکردنی بازرگانی لە سنوورەکان"ـی پەسند کرد.
 
بەپێی یاساکە، هاوردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی کۆڵبەرییەوە بۆ پێنج ساڵ رێگەپێدراوە و لە ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنیدا، کۆڵبەران لە باج و رسوماتی گومرگی دەبەخشرێن، دواتر هەر جۆرە هاوردەکردنێکی کەلوپەل لە لایەن کۆڵبەرانەوە بە پێی یاسا و رێساکانی گومرگی ئێران دەبێت.
 
لە کۆتاییەکانی مانگی رابڕدوودا مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان رایگەیاند: "جێبەجێکردنی یاساکە دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەی بازرگانیی سنووری، هەروەها دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە باشترکردنی دۆخی ژیانی کۆڵبەران و دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بڕی رێگەپێدراو بۆ هاوردەکردنی شتومەک لە رێگەی کۆڵبەرانەوە زیاتر بکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە