فریاکەوتنی ورمێ: 9 کەس بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون

17-05-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ دەڵێت، 9 کەس لە شاری سەڵماسی سەر بەو پارێزگایە بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون و گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە.
 
رۆژی شەممە 17ی ئایاری 2025 فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، "ئەو کەسانە سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی شاری سەڵماس گوێزرانەوە و دوای ئەوەی چارەسەری سەرەتاییان بۆ کرا، بەهۆی خراپیی تەندروستیانەوە بە ئەمبوڵانس رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری خۆی کران."
 
رەزازادە گوتی، "ئەم رووداوە ئەوە دەردەخات کە خواردنی هەندێک قارچک مەترسیدارە؛ بۆیە داوا لە خەڵکی پارێزگاکەمان دەکەین، تەنیا قارچکی چێندراو و تەندروست بەکاربێنن."
 
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ئەو 9 هاونیشتمانییە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ دەڵێت، "ئێستا دۆخی تەندروستیان باشە."
 
10ی ئایاری 2025، بابەک یەکتاپەرەست، گوتەبێژی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، "لە 21-03-2025 تاوەکو 9-05-2025، 143 کەس لە ئێران بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون و کەسێک گیانی لە دەستداوە."
 
بابەک یەکتاپەرەست گوتی، "زۆرترین ژەهراویبوون لە پارێزگاکانی ورمێ، لوڕستان و کرماشان بووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە