رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، مانگانە 20 مێگاوات کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە لە پارێزگاکە بەرهەم دەهێندرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "مانگی داهاتوو سلێمانی دەبێتە خاوەنی گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە لەسەر ئاستی عێراق."
رۆژی شەممە 17ی ئایاری 2025، سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سلێمانی پێشەنگی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە لە بەرهەمهێنانی کارەبادا لە رێگەی وزەی خۆرەوە کە تێیدا 740 هاوبەش تۆمارکراون و لە وزەی خۆر کارەبا بەرهەم دەهێنن، ئەوە جگە لەوەی کە بەشێکی زۆریش خۆیان تۆمار نەکردووە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، مانگانە ئەو 740 هاوبەشە 20 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
بە گوتەی سیروان محەممەد، مانگی حوزەیران سلێمانی دەبێتە خاوەنی گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوەش کاتێک وێستگەکە لەلایەن کارگەیەکی چیمەنتۆوە دادەنرێت و توانای بەرهەمهێنانی 50 مێگاوات کارەبای دەبێت.
هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 6,500 مێگاوات کارەبایە، لە کاتێکدا 4,000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ