رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی شەش گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگەش کوژرانی 18 سەربازی تورکیای لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە، 17ی حوزەیرانی 2023، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی 18 سەربازی هێزەکانی تورکیای لە ناوچەی خواکوڕک راگەیاند.
بەپێی راگەیێندراوەکە، رۆژی 15ی حوزەیران گەریلاکان بۆسەیەکیان لە ناوچەی خواکوڕک بۆ کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا داناوە و لە ئەنجامدا زریپۆشێکیان تەقاندوەتەوە و دواتر بۆ ماوەی 15 خولەکی بەردەوام رووبەڕووبوونەوە هەبووە و تێیدا 18 سەربازی تورکیا کوژراون.
هەر لەو راگەیێندراوەدا هەپەگە دەڵێت، لە رووبەڕووبوونەوەکەدا دوو گەریلا گیانیان لەدەستداوە و گەریلایەکی دیکەش برینداربووە. دوای گواستنەوەی بریندارەکە بۆ ناوچەیەکی ئارام و سەرباری هەموو هەوڵەکان، ئەویش گیانی لەدەستداوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەو رووبەڕووبوونەوەیە، هێزەکانی تورکیا بە چڕی بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچەکەیان کردووە و لە راگەیێندراوێکیشدا تەنیا کوژرانی دوو سەربازیان بڵاوکردەوە.
رۆژی 15ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، گیانلەدەستدانی شەش گەریلای لە بۆردوومانێک لە ناوچەی خواکوڕک و چیای مەتین راگەیاند؛ هەروەها کوژرانی دوو سەربازی بڵاوکردەوە.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 560 گەریلا و کوژرانی 86 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 929 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 337 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ