رووداو دیجیتاڵ
دوای 5 رۆژ لە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئێران و ئیسرائیل، تاوەکو ئەمڕۆ دەروازە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بەڕووی گەشتیاری و بازرگانیدا کراوەن، بەڵام هاتووچۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا، سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتی هەن؛ حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و پەروێزخان و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروزەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ سێشەممە 17ی حوزەیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ دەروازەکەمان بەڕووی بازرگانی و گەشتیاریدا کراوەتەوە و هاتووچۆ ئاساییە."
لەبارەی دەروازەی پەروێزخانەوە لە ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، چۆمان ئەحمەد، گوتەبێژی ئیدارەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هاتووچۆ لە دەروازەکەدا ئاساییە."
لەبارەی دەروازەی باشماخیش، بەرپرسێک لە دەروازەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخەکە زۆر ئاساییە و هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی بەردەوامە."
بە گوتەی بەرپرسانی هەر سێ دەروازەکە بۆ رووداو، بەهۆی دۆخی شەڕەوە هاتووچۆ "زۆر کەم و سنووردار" بووەتەوە.
لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دۆخی ئاساییدا لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، شێخ عەتا محەممەد، جێگری سەرۆکی گشتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاڵۆگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران ساڵانە لەنێوان 6 بۆ حەوت ملیار دۆلاردایە."
بە گوتەی شێخ عەتا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەردەوامە و نەوەستاوە.
کرانەوەی دەروازە سنوورییەکان لەکاتێکدایە، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە، لە 13ی ئەم مانگەوە ئاسمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە رووی هەموو گەشتێکدا داخراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ