رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی شووشمێ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 20 رۆژ لەمەوبەر هاتووچۆی گەرشتیاریی تێدا کرایەوە، ئێستا نیگەرانیی هاونیشتمانییانی لێکەوتووەتەوە کە لە دەروازەکەدا بۆ ماوەیەکی "زۆر" رادەگیرێن. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، نیگەرانیی خەڵکیان گەیاندووە بە لایەنی ئێرانی.
دەروازەی شووشمێ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە یەکێکە لە دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان کە 27ی حوزەیران بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە، بەڵام هاونیشتمانییانی سنوورەکە نیگەرانیی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەخەنەڕوو و دەڵێن، ماوەی "چەند کاژێرێک" لە دەروازەکەدا رادەگیرێن و دواتر مۆڵەتی چوونە نێو خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان پێدەدرێت.
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە 17ی تەممووزی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە هیچ کێشەیەک لە دەروازەی شووشمێدا نییە؛ ئەوەی هەیە لە دیوی ئێرانەوەیە و ئەویش لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە."
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، مانەوەی هاونیشتمانییەک لە دەروازەکەدا بۆ هاونیشتمانییەکی دیکە جیاوازیی هەیە و خەڵکێک هەیە زۆر رادەگیرێت و هەیە کەمتر. گوتیشی، "شوێنەکە کە هاووڵاتیی تێدا رادەگیرێت سێبەریشی نییە و ئەوەش جێگەی نیگەرانییە. ئێمە کۆنسوڵی ئێرانمان لە سلێمانی ئاگادار کردووەتەوە و چاوەڕێین گرفتەکان چارەسەر بکەن."
رۆژی 27ی حوزەیران دەروازەی شووشمێ لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە؛ دەروازەکە پێشتریش بەڕووی بازرگانیدا کراوە بوو.
چەند دەروازەیەکی سنووری لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراون و نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن؛ هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شووشمێ هەن و تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ