رووداو کاتی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێنشینان و کەمدەرامەتان بڵاودەکاتەوە

17-07-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو زیاتر لە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دابەش دەکرێن. بەرپرسێکیش لەو وەزارەتە رایگەیاند، یەکەکان 24ـی ئەم مانگە دابەشدەکرێن.

رۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش تەواوبوونی کارەکان، یەکەکان بەسەر کرێنشینان و کەمدەرامەتان دابەشدەکرێن و دەبنە موڵکی ئەوان، دوای تەواوبوونی کارەکانیان پارەکانیان لێوەردەگیرێت".
 
بە گوتەی مەریوان مەلا حەسەن، ئەو 9 هەزار و چوار یەکەیە هەموویان بەیەکەوە و لە یەک رۆژدا دابەش دەکرێن. گوتیشی: "بە شێوازی تیروپشک پرۆسەکە دەکرێت".
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە رووداوی گوت، "بڕیارە 24ـی تەممووز دەست بە دابەشکردنی یەکەکان بکرێت".
 
ئەو یەکانە بە قیستێکی 25 ساڵی بەسەر کەسانی کەمدەرامەت و کرێنشینان دابەش دەکرێت. گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی دەڵێت، "نرخی یەکەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە ناو سەنتەری هەولێر جیاوازە لەگەڵ دەشتی هەولێر، بەڵام بە قیستی مانگانە پێیاندەدرێت، کە لە نێوان 150 هەزار بۆ 170 هەزار دینارە".
 
2025-01-27، توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "یەکەکان کاری نوێیان تێدا نەکراوە، چونکە بودجەی دەوێت. هەرکات ناوەکان گەڕانەوە بۆ وەزارەت و بودجە دابینکرا، کار لە یەکەکان دەکرێت".
 
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، بۆ تەواوکردنی کاری سەرجەم یەکەکان، پێویستییان بە 267 ملیار دینارە.
 
رۆژی 2023-08-08، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و گوتی: "بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان، ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە"، تاوەکو 2024-02-01 پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بەردەوام بوو.
 
جگە لە کەمدەرامەتان، بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، نزیکەی 150 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.