ئۆجەلان: سەردەمی فەرمانەکان کۆتاییهات؛ گەلی ئێزدی بەتەنیا نییە

17-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە پەیامێکدا بۆ "کۆنفرانسی رووناکبیریی شنگال" رایگەیاند، "پێویستە هەمووان بزانن گەلی ئێزدییمان بەتەنیا نییە. لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیدا، چیدی رووبەڕووی فەرمان نابنەوە، فەرمان کۆتاییهات." 
 
ئەمڕۆ لە شارۆچکەی شنگال کە یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و سەر بە پارێزگای موسڵە، بە بەشداریی زیاتر لە 150 ئەندام، "کۆنفرانسی رووناکبیریی شنگال" بەڕێوەچوو.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەیامێکی ئاراستەی کۆنفرانسەکە کرد و لەلایەن رێکخەرانی کۆنفرانسەکە خوێندرایەوە. تێیدا رایگەیاندووە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیی وەڵامێکە بۆ 73 فەرمانەکە". 
 
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بۆ کۆنفرانسەکە دەڵێت: "پێش هەموو شتێک، بەناوی هەموو ئەو هەڤاڵانەی لێرەن سڵاوتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە کارەکانتاندا. مێژوو تەنیا باسی رابردوو ناکات؛ لەگەڵ خۆیدا ئازارەکان، بەرخودان و راستییەکانیش هەڵدەگرێت. گەلی ئێزدی یەکێکە لە سەربەرزترین و دێرینترین هەڵگرانی ئەم راستییە. ئێزدییەکان کە خاوەنی یەکێکن لە یەکەمین باوەڕمەندییەکانی میزۆپۆتامیا، هەزاران ساڵە لە بەرامبەر زوڵم و ستەم، کۆچی زۆرەملێ و نکۆڵیلێکردندا پارێزگارییان لە بوونی خۆیان کردووە."
 
ئۆجەلان دەشڵێت: "ئێزدیاتی زیاترە لە باوەڕ و دابونەریتێک. ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ سرووشت و بەپیرۆز سەیرکردنی هەموو گیانلەبەران بە بنەما وەردەگرێت. هەر بۆیە سیستەمە ستەمکارەکان هەمیشە ئێزدییەکانیان وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆیان بینیوە، چونکە ئێزدییەکان شوێنپێی ژیانی یەکسان و ئازادیان تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆ هەڵگرتووە." 
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئۆجەلان باس لەو ستەمانە دەکات کە کوردانی ئێزیدی بەدەستییەوە ناڵاندوویانە و رایگەیاندووە: "کاتێک رووبەڕووی ستەمی گەورە بوونەوە، ئێزدییەکان پاشەکشەیان نەکرد، پەنایان بردە بەر چیاکانی کوردستان و دەستیان بە باوەڕی مێژوویی و ئازادیی خۆیانەوە گرت. هەوڵدرا باوەڕ و زمانیان قەدەخە بکرێت، بەڵام ئەوان خاوەندارێتییان لە کولتووری خۆیان کرد و هێشتیانەوە. کاتێک لەناوبردنیان بەسەردا سەپێندرا، لە خۆڵەمێشی خۆیانەوە جارێکی دیکە هەستانەوە." 
 
باسی لە ژنانی ئێزیدی و بەرخودانەکانیانی کرد و رایگەیاند: "ژنانی ئێزدی پێشەنگی سەرەکیی ئەم خەباتەن. سەرەڕای ئەوەی رووبەڕووی قورسترین هێرش بوونەوە، هەرگیز سەریان دانەنەواند. بە بەرخودانی شنگال، هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ هەموو گەلان، هیوای ژیانێکی سەربەرزانەیان سەرلەنوێ گەشاندەوە." 
 
راشیگەیاند: "ئەو خەباتەی ئەمڕۆ ئێزدییەکان دەیکەن، رێپیشاندەری هەموومانە. دەنگیان دەنگی ئازادیخوازانە. بۆیە پاراستنی ئێزدییەکان لەسەر بنەمای خۆپاراستن، هاوتایە لەگەڵ خاوەندارێتی کردن لە ویژدانی مرۆڤایەتی." 
 
جەختی لەوەشکردەوە کە مافی سرووشتیی ئێزدییەکانە کە بۆ ژیانێکی ئازادانە بە باوەڕ و ناسنامەی خۆیانەوە، سیستەمێک بۆ خۆیان دابمەزرێنن. نە دەوڵەتە ستەمکارەکان و نە تێڕوانینە تەسکە خێڵەکییەکان دان بەم مافەدا نانێن. ئەمە تەنیا بە سیستەمێک دەتوانێت گەشە بکات کە لەسەر بنەمای برایەتی و یەکسانیی گەلان بێت، و لەسەر ئەو بنەمایە بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن.
 
لە کۆتاییدا رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە نووسیویەتی: "پێویستە هەمووان ئەمە بزانن؛ گەلی ئێزدی بەتەنیا نییە. سەرەڕای هەموو ئەو ئازارانەی بە 73 فەرمان چەشتوویانە، بە بەرخودان گەیشتوونەتە ئەمڕۆ. لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیی کە پەرەمان پێداوە، چیدی رووبەڕووی فەرمان نابنەوە. فەرمان کۆتاییهات. بوونی ئەوان لەم جوگرافیایەدا شانازییە بۆ هەموو ئەوانەی خوازیاری ئاشتی و برایەتین."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.