رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ و هێماکانی هاتووچۆی کەرکووک هەڵگیرابوو، ئەمڕۆ شارەوانیی کەرکووک تابلۆکانی بە زمانی کوردیشەوە دانایەوە. پەرلەمانتارێکی پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ گێڕانەوەی زمانی کوردی بۆ سەر تابلۆ و نووسراوەکانی فەرمانگەکان بەردەوام دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی ئابی 2022، شارەوانیی کەرکووک ژمارەیەک تابلۆ و هێمای هاتووچۆی لەسەر شەقامەکان دانایەوە کە لە پاڵ زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، تورکمانی، زمانی کوردیشیان بۆ زیادکراوە، ئەوەش دوای ئەوە دێت سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ژمارەیەک تابلۆی دانابوو کە زمانی کوردی‌یان تێدانەبوو و نیگەرانیی دانیشتووانی زۆرینە کوردی شارەکەی بەدواداهات. هەوڵی نوێنەرانی کوردیش لە پەرلەمانی عێراق بۆ گێڕانەوەی زمانی کوردی بۆ سەر تابلۆ و هێماکانی هاتووچۆ دەستپێکرد.
نەجوا حەمید کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر پارێزگای کەرکووک، رۆژی چوارشەممە، 17ـی ئابی 2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ەوە ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوەکان و تابلۆکانی هاتووچۆ و زۆر شتی دیکەی دژ بە کورد و زمانی کوردی لە کەرکووک دەکرێت، بەڵام ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ گێڕانەوەی زمانی کوردی بۆ نێو نووسراوەکان و سەر تابلۆکانی هاتووچۆ، چونکە لابردنیان نایاسایی و نادەستوورییە. زمانی کوردی زمانێکی دانپێدانراوە بەپێی دەستووری عێراق."
شارەوانیی کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەک تابلۆ و رێنوێنییەکانی هاتووچۆی لە پردی رەحیماوا تاوەکو پردی پێشانگەکان داناوە و هەموویان تایبەتن بە دیاریکردنی شوێن و رێگە و دامەزراوەکان.
مانگی تەممووزی ئەمساڵیش لە کەرکووک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووکەوە زمانی کوردی لە مۆڵەتی تەندروستیی شوێنەکان هەڵگیرا، رۆژی سێشەممە، 9-8-2022، سەرچاوەیەک لە بەشی چاودێری لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کەرکووک وەک هەر شارێکی دیکە مۆڵەتی تەندروستیمان بۆ شوێنەکان هەیە، وەک رێستورانتەکان، دەرمانخانە و نانەواخانەکان، لە 2003ـەوە کڵێشەی مۆڵەتەکە بە زمانی عەرەبی و کوردی دەنووسرێت و وەکو کارتی نیشتمانی لێهات، بەڵام ماوەی 15 بۆ 20 رۆژە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت کڵێشەیەکی نوێیان هێناوە، کە زمانی کوردی تێدا نەماوە و پێویستە لەمەودوا کڵێشەی مۆڵەتەکان تەنیا بە زمانی عەرەبی بن."
ته‌لاری نوێی ئه‌نجوومه‌ن و پارێزگای كه‌ركووک ده‌كه‌وێته باشووری شاره‌كه و به گوژمه‌ی 48 ملیار دینار دروستكراوه، له‌سه‌ر تابلۆكه‌ی زمانی كوردی و توركمانی هه‌ڵگیراوه و ته‌نیا به عه‌ره‌بی نووسراوه.
ته‌لاری نوێی دادگەی كه‌ركووك ته‌نیا نووسینی زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌رە، چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی دیكه زمانی كوردی‌یان له‌سه‌ر تابلۆكانیان هه‌ڵگرتووه.
فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كه‌ركووكیش هه‌موو تابلۆكانی به زمانەکانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی نووسراون و زمانی كوردی‌یان له‌سه‌ر نییه، پێشتر پرسی لادانی زمانی كوردی له‌سه‌ر تابلۆ حكومییه‌كانی كه‌ركووك گه‌یێندراوه‌ته به‌غدا و وێڕای چه‌ند جارێك پێدانی هۆشداری، ئیدارەی كه‌ركووک هه‌ر سووره له‌سه‌ر دانه‌نانی زمانی كوردی.
بەپێی دەستووری عێراق، هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی زمانی فەرمیی دەوڵەتن و دەبێت لە نووسراوەکانی حکومەتدا هەردووکیان بەکاربهێندرێت.
به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك تابلۆی سه‌ر داموده‌زگاكانی حكومه‌ت له كه‌ركووك ده‌بێت به چوار زمان بنووسرێن، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە جێبه‌جێ ناكرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ