رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوبەەری گشتیی کاروباری مینی سلێمانی دەڵێت، زیاتر لە 10 کیلۆمەتر دووجا لە زەوییەکانی قەزای دووکان لە مین و پاشماوەی جەنگی پاککراوەنەتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمساڵ 18 کەس بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین.
رۆژی پێنجشەممە، 17-08-2023، موحسین شێخ عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە قەزای دووکان، 313 پارچە مین و پاشماوەی جەنگی لە کێڵگەی مینی ''جی قەرەسەرد'' لەنێوبردران و کێڵگەکە زووتر لەو ماوەیەی کە بۆی دیاری کرابوو، پاککرایەوە.
بە گوتەی موحسین شێخ عەبدولکەریم، پێشتر لە رووبەری 16 کیلۆمەتر دووجا لە قەزای دووکان مینی چێندراو و پاشماوەی جەنگی هەبوو، تائێستا تواندراوە 10 کیلۆمەتر و نیو لەو رووبەرە پاک بکرێتەوە و تەنیا پێنج کیلۆمەتر و نیو ماوەتەوە کاری لەسەر بکرێت.''
بەڕێوبەری گشتیی کاروباری مینی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی مینە چێندراوەکان دژەکەسین و تاوەکو ئێستا لە قەزای دووکان، 400 کەس بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەی جەنگی بوونەتە قوربانی، بریندار بوونە یان گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە مینڕێژکراون کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان؛ وەک موحسین شێخ عەبدولکەریم گوتی، لە هەرێمی کوردستان رووبەری ناوچەی پیسبوو بە مین و تەقەمەنیی بە 776 کیلۆمەتر دووجا دەخەملێندرا کە 521 کیلۆمەتر پاککراوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی سلێمانی هەندێک ئاماری رووداوەکانی تەقینەوەی مین و قوربانیانی ئاشکرا کرد و گوتی: ''ئەمساڵ 18 کەس بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەی جەنگی گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوونە، کە بەراورد بە پار رووداوەکان کەمترن.''
موحسین شێخ عەبدولکەریم دەشڵێت، تاوەکو ئێستا بەگشتی 13 هەزار و 600 کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەی جەنگی برینداربوونە یان گیانیان لەدەستداوە.
پرۆسەی هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین بە هاوکاریی وڵاتە کۆمەکبەخش و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، بەپێی ئاماری دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە هەرێمی کوردستاندا 60٪ـی پاشماوەی مین و تەقەمەنییەکان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ