سەرۆکی USIAD: لە هیچ دەروازەیەکی سنووریی جیهان هێندەی خابوور بارهەڵگر راناگیرێت

17-08-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری تورکیا، لە حوزەیرانی ئەمساڵ باشووری کوردستان و عێراق بە هاوردەکردنی کاڵای تورکیا بە بەهای 986 ملیۆن دۆلار لە پلەی پێنجەمی لیستی هاوردەکارانی ئەو وڵاتە دێن. سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی پیشەوەران و بازرگانانی نێودەوڵەتی (USIAD) دەڵێت، دواکەوتنی خاڵی سنووریی خابوور یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوولایە.
 
کڵچ: ئامانجی گەورەمان هەن، بەڵام ئاستەنگ زۆرن
 
نەواف کڵچ، سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی پیشەوەران و بازرگانانی نێودەوڵەتی (USIAD) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵی 2022 هەناردەمان 12 ملیار دۆلار بوو، بۆ ساڵی 2023 ئامانجمان 15-16 ملیار دۆلارە. ئێستا هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە و کاری جیددی لەسەر ئەمە دەکەین."
 
کڵچ باسی لەوە کرد ئامانجی زۆر گەورە و گرنگیان هەن، بەڵام کێشە و ئاستەنگی زۆر هەن، هەروەها رووی دەمی لە بەرپرسانی تورکیا و هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی کێشەکانی تایبەت بە بازرگانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکەن.
 
کڵچ: لە هیچ خاڵێکی سنووریی جیهاندا ئەوەندە چاوەڕوانییە نییە
 
نەواف کڵچ هاوکات باس لە بوونی چەندین ئاستەنگ و کێشە لە خاڵی سنووریی خابوور - ئیبراهیم خەلیل دەکات و دەڵێت، کێشە لە گەیاندنی کاڵا هەیە و ئەمە کاریگەریی خراپ لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروست دەکات. هەروەها گوتی: "گەورەترین کێشەی نێوان عێراق و تورکیا، هاتووچۆیە لە دەروازەی سنووریی خابوور-ئیبراهیم خەلیل. دەمانەوێت چی زووە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، چونکە لە هیچ خاڵێکی سنووریی جیهاندا ئەوەندە چاوەڕوانییە نییە. کات بۆ بازرگانانمان گرنگە، هەندێک جار لە رۆژێکدا 8-10 کاژێر لە سنوور چاوەڕێ دەکەن کە ئەمە بەفیڕۆدانی کاتە و زۆریش خراپە. هەر بۆیە داوا دەکەین لە خابوور-ئیبراهیم خەلیل ئاسانکاری بۆ ئەمە بکرێت."
 
نەواف کڵچ هەروەها باسی لەوە کرد کە دەکرێت لەڕێی عێراقەوە بازرگانانی باکووری کوردستان و تورکیا کاڵاکانیان هەناردەی وڵاتانی سووریا، ئوردن، سعودیە، فەلەستین، یەمەن، قەتەر و تەواوی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بنێرن. 

 

نەواف کڵچ لەگەڵ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان
 
ئاماری تورکیا: لە حوزەیران هەناردە و هاوردە کەمیکردووە
 
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری تورکیا (تویک) لە مانگی حوزەیرانی 2023'دا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022، هەناردە 10.05٪ و هاوردەش 17.5٪ کەمیانکردووە. راپۆرتەکەی دەستەی ئامار لەلایەن دوو ستافی تایبەت بە ئامارەکانی بازرگانی لە دەستەکە و وەزارەتی بازرگانیی تورکیا دوای بەدواداچوونێکی چڕ ئامادەکراوە و تێیدا باس لەوە کراوە، هەناردەی تورکیا بەراورد بە حوزەیرانی پار 10.5٪ کەمیکردووە و بووەتە 20 ملیار و 904 ملیۆن دۆلار. هەروەها هاوردە 17.5٪ کەمبووەتەوە و بووەتە 26 ملیار و 64 ملیۆن دۆلار. ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو حوزەیرانی ئەمساڵ هەناردە 1.9٪ کەمبووەوە، بەڵام هاوردە 4.1٪ زیادبووە. 
 
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە لە کانوونی دووەم تاوەکو حوزەیرانی 2023 بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022 لە تورکیا و باکووری کوردستاندا هەناردە 1.9٪ کەمبووەتەوە و بووەتە 123 ملیار و 341 ملیۆن دۆلار، هاوردە 4.1٪ زیادبووە و بووەتە 184 ملیار و 576 ملیۆن دۆلار.
 
عێراق لە حوزەیراندا بایی 986 ملیۆن دۆلار کاڵای لە تورکیا هاوردەکردووە
 
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەڵمانیا پێشەنگی لیستی وڵاتانی هاوردەکاری کاڵای تورکیای گرت بە ملیاریک و 784 ملیۆن دۆلار. ئەمریکا بە ملیارێک و 331 ملیۆن دۆلار، بەریتانیا بە ملیاریک و 65 ملیۆن دۆلار، ئیتاڵیا بە ملیارێک و 12 ملیۆن دۆلار پلەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمیان گرت. عێراق و هەرێمی کوردستان لە پلەی پێنجەم دێت بە هاوردەی کاڵای تورکیا بایی 986 ملیۆن دۆلار. لە حوزەیرانی ئەمساڵدا تورکیا رێژەی 29.6٪ی هەناردەی بۆ ئەم پێنج وڵاتە بووە.
 
تورکیا زۆرترین هاوردەی لە چینەوە کردووە
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی دەستەی ئاماری تورکیا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی ئامادەیکردووە، ئەو وڵاتە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا زۆرترین هاوردەی لە چین کردووە کە بایی 3 ملیار و 756 ملیۆن دۆلارە. هەروەها رووسیا بە دوو ملیار و 912 ملیۆن دۆلار، ئەڵمانیا بە دوو ملیار و 11 ملیۆن دۆلار، سویسرا بە ملیۆنێک و 313 ملیۆن دۆلار و ئیتاڵیاش بە ملیارێک و 121 ملیۆن دۆلار پلەکانی دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەمیان لە هەناردەی کاڵا بۆ تورکیا گرت.
 
جموجووڵی کەرتی سووتەمەنی تورکیا لە ئایاری 2023
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، ئایاری ئەمساڵ بە گشتی هاوردەی نەوتی تورکیا بەراورد بە ئایاری 2022 بە رێژەی 11.1٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 4.2 ملیۆن تۆن.
 
راپۆرتی کەرتی وزە رۆژی شەممە 29-7-2023 لەلایەن دەزگای رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا بڵاوکرایەوە کە تێیدا باس لە بەرزبوونەوەی هاوردەی نەوتی تورکیا دەکات و بەراوردێکی لە نێوان ئایاری پار و ئایاری ئەمساڵ کردووە. بەگوێرەی راپۆرتەکە ئایاری ئەمساڵ هاوردەی نەوتی تورکیا بەراورد بە ئایاری 2022، 11.1٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 4.2 ملیۆن تۆن. هاوکات لە هەمان راپۆرتدا باس لەوە کراوە هاوردەی نەوتی خاو بۆ تورکیا 17.1٪ کەمبووەتەوە و بووەتە 2 ملیۆن و 462 هەزار و 848 تۆن. 
 
عێراق پلەی دووەمە لە هەناردەی نەوتی خاو بۆ تورکیا 
 
تورکیا زۆرترین نەوتی خاو و بەرهەمەکانی لە رووسیاوە هاوردە کردووە، کە 2 ملیۆن و 301 هەزار و 973 تۆنە. عێراقیش لە پلەی دووەمدایە کە تورکیا 957 هەزار و 989 تۆن نەوتی خاو و بەرهەمەکانی لێ هاوردە کردووە.
 
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتیی لە ناوچەی گاباری شرناخ راگەیاند. بەگوێرەی راپۆرتی دامەزراوەی نەوتی تورکیا کە بە TPAO دەناسرێت، بەرھەمھێنانی رۆژانەی نەوت لە شرناخ 70 ھەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە. بری بەرهەم ژمارە پێوانەیی 32 ساڵی رابردووی تۆمارکردووە.
 
کانوونی یەکەمی 2022 دۆزینەوەی یەدەگی رۆژانەی 5000 بەرمیل نەوت لە سنووری پارێزگای شرناخ راگەیێندرا. 
 
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا
 
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوتی هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات. لە کاتێکدا 93%ـی کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە 25 ملیۆن بەرمیل نەوت بچووکترن، 7%ـیان کێڵگەی گەورەن و یەدەگەکانیان لەنێوان 25 ملیۆن بۆ 500 ملیۆن بەرمیلدایە. لە تورکیا لە 3000 - 4000 هەزار مەتردا نەوت دەدۆزرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە