وەزیری پەروەردە: وادەی خانەنشینکردنی 1400 مامۆستامان درێژ کردەوە

17-08-2025
پەیمان محەممەد
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 7500 مامۆستا خانەنشین بوون. دەشڵێت، بەهۆی پێویستیی زۆر بە مامۆستا، وادەی خزمەتکردنی هەزار و 400 مامۆستایان درێژ کردەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-08-2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر لەبارەی دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی 2025-2026 رایگەیاند، ''تائێستا ساڵنامەی خوێندن دیاری نەکراوە و لەوانەیە سەرەتای مانگی نۆ بابەتەکە بخرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت.''
 
ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بە گرفتی خانەنشینیی مامۆستایان کرد و گوتی، لە سەرەتای کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، 7500 مامۆستا خانەنشین بوون، ''تەنیا ئەوانەی کە 01-07-2025 خانەنشین دەبوون، زیاتر لە هەزار و 400 مامۆستان، بەڵام یاسای خانەنشینی دەسەڵاتی بە وەزیر داوە کە بەهۆی پێویستیمان بە مامۆستا، وادەی خزمەتکردنی ئەو خانەنشینانە بۆ 31-12-2025 درێژ بکرێتەوە.''
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو دەرکردووە، بەپێی بڕیارەکان هەر فەرمانبەرێک تەمەنی ببێتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت. بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی، ئەو فەرمانبەرەی خانەنشین دەکرێت، هەموو ئەو ماف و شایستانەی دەبێت کە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی هەموارکراو پێی دەدات، ئەگەر مەرجە یاساییەکانی شایستەبوونی تێدابێت.
 
''پرۆگرامی خوێندن گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە''
 
ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوەدا، بەشێکی زۆری پرۆگرامەکانی خوێندن گۆڕاون، ''ئەم ساڵیش بەشێکی دیکە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.''
 
بەگوتەی وەزیری پەروەردە، تاوەکو ئێستا کارەبای 120 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وزەی خۆرەوە دابین دەکرێت: ''لەوبارەوە، رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی پێنج ملیار دیناری دیکەیش دراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەختینەوە، پڕۆژەکان راگیراون.''
 
وەک ئالان حەمەسەعید ئاماژەی پێدا، ''بە جێبەجێکردنی تەواوی پڕۆژەی رووناکی، ناوەندەکانی خوێندن لەو شوێنانە دەبن کە گەورەترین سوود لە پڕۆژەکە دەبینن. کارەبای 24 کاژێری، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کواڵیتیی خوێندن دەبێت.''
 
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان باسی لە گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان بەغدا و هەولێر هەیە، ئێمە سەرجەم پابەندییەکانمان بەرامبەر عێراق جێبەجێکردووە و جیا لە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی، سەرجەم بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدرێتە سۆمۆ.''
 
لەکاتێکدا 17 رۆژ لە مانگی ئاب تێپەڕیوە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. 
 
لە دوایین پێشهاتدا رێککەوتنێک لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە کە رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی گلبدرێتەوە و ئەوەی دیکە بەگوێرەی بەرهەمی رۆژانە رادەستی سۆمۆ بکرێت.
 
هەروەها مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکرێت، بۆ ئەوەی عێراقیش مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.