رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، لەمەودا هەر ئۆتۆمبێلێک دەستی بەسەردا بگیرێت، خاوەنەکەی هیچ بڕە پارەیەکی گەراجی لێ وەرناگیرێت. ئەفسەرێک دەڵێت، پێشتر بۆ هەر رۆژێک پێنج هەزار دینار وەردەگیرا.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە و پشتبەستووە بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و تێیدا هاتووە: "کاتێک ئۆتۆمبێل بە بڕیاری دادوەر نێردرا بۆ گەراجی دەستبەسەرداگرتنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان، لە کاتی گەڕاندنەوەی بۆ خاوەنی شەرعی، هیچ جۆرە کرێیەکی گەراجانەی لێ وەرناگیرێت".
ئەفسەرێکی باڵای هاتووچۆ ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر بۆ هەر رۆژی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێل پێنج هەزار دینار لە خاوەنەکەی بە پسوولەی حکومەت وەردەگیرا، چونکە گەراجەکان حکومین".
هەر لەو بارەیەوە هاونیشتمانییەک بە ناوی مەریوان حوسێن، بە رووداوی گوت: "بەهۆی رووداوێکەوە نزیکەی دوو ساڵ زیندانیکرام و لە گەراجی هاتووچۆ دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەمدا گیرا، دواتر کە ئازاد بووم داوای زیاتر لە 3 ملیۆن دینارم لێکرا بۆ گەراجانە، لەکاتێکدا نرخی ئۆتۆمبێلەکەم نزیکەی چوار ملیۆن دینار بوو".
لە گۆڕەپانەکانی راگرتنی ئۆتۆمبێلی دەستبەسەرداگیراو لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ، سەتان ئۆتۆمبێل راگیراون و تێیاندایە چەند ساڵێکە دەستی بەسەردا گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ