رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە قەزای خورماتوو کۆببێتەوە و کێشە خزمەتگوزارییەکانی قەزاکە تاوتوێ بکات.
یاسین محەممەد، تاکە ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی یەکشەممە، 17-08-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەن تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی کێشە و گرفتەکانی قەزاکە، بەتایبەتی لە رووی خزمەتگوزارییەوە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێ و چارەسەر بکرێن."
داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە لەلایەن یاسین محەممەد و عاتف نەجاڕ، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکەوە پێشکێشکراوە و رەزامەندی لەسەر دراوە.
ئەو ئەندامە کوردەی ئەنجوومەن گوتیشی: "بڕیاربوو کۆبوونەوەکە پێش چلەی ئیمام حوسێن بکرێ، بەڵام بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا".
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکدێ و کورد خاوەنی تەنیا یەک کورسییە.
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ