رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شاندی پارتی و یەکێتی رایانگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکەنەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمان دەڵێت: "ئامادەکاری کراوە و پەرلەمان ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە".
دوای کۆبوونەوەی 14ـی ئەم مانگەی شاندی دانوستاندکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی، کە "پێویستە هەوڵی چڕ و جدی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاسایی خۆی بکات".
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ستافی پەرلەمان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە لە سەرەتای مانگی داهاتوو".
سامان ئەحمەد گوتی: "تەواوی دیوانی پەرلەمان ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە هاوهەڵوێستی لایەنەکانە بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی باسی لێوەکراوە بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو".
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.
تاوەکو ئەمڕۆ لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەم پێکنەهێندراون.
کۆنەبوونەوەی پەرلەمان لەکاتێکدایە، لە کاتی ئاساییدا، بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی مادەی 51ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان "رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تایبەت دەبێت بە دانیشتنی پەرلەمان".
لە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەبوون، ئەوانیش ڤالا فەرید و هەڵگورد شێخ نەجیب بوون. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دوو کەسی بۆ پۆستەکە بەربژێر کردبوو، کە میران محەممەد و شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ بوون. نەوەی نوێش بەربژێرێکی بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەبوو، کە کوردەوان جەمال بوو.
بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش هەریەک لە بەهجەت عەلی و مەرد عەلی رەسووڵ لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد حەمەساڵح و ئازاد حەمەئەمین لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها عەدنان حوسێن لە نەوەی نوێ خۆیان بەربژێر کرد.
بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمان، شیرین یونس و شلێر غەفوور لە یەکێتی، هاڤین سەعید لە پارتی، سەوسەن کاکەمەند لە نەوەی نوێ، نەجدەت نووری لە پێکهاتەی تورکمان لە سلێمانی و رامی نووری لە پێکهاتەی کریستیان لە هەولێر بەربژێر بوون.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، جارێکی دیکە دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ناکرێتەوە و دەبێت ئەوانەی خۆیان بەربژێر کردووە، یەکێک لەوانە هەڵبژێردرێن بۆ پۆستەکانی سەرۆک، سکرتێر و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ