کەشناسێک: دوای نیوەڕۆ کاریگەریی خۆڵبارین کەم دەبێتەوە

17-08-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی خۆڵبارین بەشێکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. کەشناسێک دەڵێت: "کاریگەرییەکە ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ کۆتایی دێ، بەڵام هەر لەم هەفتەیەدا ئەگەری خۆڵبارینی دیکە هەیە. "
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و تۆزوخۆڵ دەبێت؛ کاریگەریی ئەم تۆزوخۆڵە بەشێک لە ناوچە جیاجیاکانى گرتووەتەوە؛ ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت و لە هەندێ کاتدا کەم و لە هەندێ کاتدا زیاد دەکات.
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، خۆڵبارین لە سنوورى ئیدارەى گەرمیان چڕە، بەڵام لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگەى دهۆک کاریگەرییەکەی کەمتر دەبێت . 
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوێنێ شەوەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکەمانی گرتووەتەوە. خۆڵبارینەکە لە ناوچەکانی عێراق بەراورد بە هەرێمی کوردستان چڕترە. پێشبینی دەکرێ دوای نیوەڕۆ کاریگەرییەکەی کەم ببێتەوە."
 
ئەو کەشناسە گوتی: "کاریگەری ئەم خۆڵبارینە لە بەشەکانی باکووری رۆژئاوای عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی بۆ چەند کاژێرێک لەسەر ئەو ناوچانە بمێنێتەوە."
 
شاڵاو هیدایەت ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژانی داهاتوودا ئەگەری هەڵکردنی بای رۆژئاوا هەیە و ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی خۆڵ لە بیابانەکانی نێوان عێراق و سووریاوە بێت و بە شێوەی لاواز و مامناوەند ناوچەکەمان بگرێتەوە.
 
بە گوتەی ئەم کەشناسە، ئەگەری خۆڵبارینی دیکە لەم هەفتەیەدا هەیە و دەکرێ ناوچەکانی کەرکووک، گەرمیان و هەولێر بگرێتەوە.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئاسمان ساماڵ و ئەگەرى کاریگەریى تۆزوخۆڵ لەسەر بەشێک لە ناوچەى جیاجیا دەبێت. پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە."
 
پلەی گەرمای سبەی بەگوێرەی راگەیێدنراوی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر: 42 پلەی سیلیزی 
سلێمانی: 40 پلەی سیلیزی
دهۆک: 41 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 44 پلەی سیلیزی 
زاخۆ: 42 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 42 پلەی سیلیزی
سۆران: 40 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 31 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 44 پلەی سیلیزی

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.