پارەی خۆراکی مانگانە بۆ دوو هێندە زیاد دەکرێت و سێ چین بەشەخۆراکیان دەبڕێت

17-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی بازرگانیی عێراق چەند گۆڕانکارییەک لە سەبەتەی خۆراکی مانگانەدا دەکات. باسی لەوەش کرد، "پارەی وەرگرتنی خۆراکی مانگانە لە هاووڵاتییان لە 500 دینارەوە بۆ 1,000 دینار زیاد دەکرێت."
 
رۆژی چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025 سەروەر کەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم، وەزارەتی بازرگانیی عێراق چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانە جێبەجێ دەکات، کە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. تاوەکو ئێستا ئاگادارکردنەوەمان پێنەگەیشتووە، بەڵام دەبێت تاوەکو مانگی کانوونی یەکەم پێمان بگات و هەموو لایەک جێبەجێی بکەن."
 
بە گوتەی سەروەر کەمال، بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقەوە دەرچووە، بە ئامانجی ئەوەی ئەو کەسانەی شایستە نین، بەشەخۆراکەکەیان ببڕدرێت و کوالێتیی بەشەخۆراکی مانگانەش باشتر بکرێت.
 
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم بڕیارە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هاوسەنگیی بازاڕ دەبێت و نرخ تێکدەدات؛ ئەو کەسانەی داهاتی مانگانەیان کەمە، زەرەرمەند دەبن."
 
هاوکات وەزارەتی بازرگانیی عێراق درەنگانی شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا داوای لە بریکارانی خۆراک و بریکارانی ئارد کرد، سەردانی بنکەکانی دابەشکردن بکەن بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە و ئارد، بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییاندا.

وەزارەتەکە رایگەیاندبوو، "ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێ تەنیا 500 دینارە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە لە هەندێک میدیادا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە زیادکردنی کرێی دابەشکردن یان گۆڕانکاری لە رێکارەکانی بێبەشکردن". دەڵێت: لەم کاتەدا ئەو رێکارانە جێبەجێ ناکرێن.
 
کۆبوونەوەی ژمارە 28ی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری کە لە 01-09-2025 بەڕێوەچوو، چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانە درا و لە نووسراوێکدا بڵاوکرایەوە، "بڕی ئەو پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت زیاد دەکرێت؛ بۆ هەر کەسێک 1,000 دینار وەردەگیرێت، بەو مەرجەی وەزارەت پارەکە بۆ دابینکردن و باشترکردنی بەشەخۆراک بەکاربهێنێتەوە. هەروەها بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە رادەگیرێت کە مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار زیاترە (تەنیا مووچەخۆرەکە دەگرێتەوە و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی بەشەخۆراکیان وەر دەگرن)."
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی مووچەکەیان لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاترە، بەشەخۆراکی مانگانەی خۆیان و هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان رادەگیرێت."
 
بڕیارەکە لە 01-12-2025ـەوە جێبەجێ دەکرێت. بەپێی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری، "خاوەن کۆمپانیا و بەڵێندەرەکانیش بەشەخۆراکی مانگانەیان رادەگیرێت."
 
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە یەک ملیۆن و 320 هەزار کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.