لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشبینی خۆڵبارین دەکرێت

17-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی دەستەی کەشناسیی عێراق و پێشبینی کەشناسان، رۆژی هەینی لە عێراق و بەشێکی هەرێمی کوردستان خۆڵبارین دەبێت.
 
عامری جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەینی بایەکی مامناوەند لە ئاراستەی باکووری رۆژئاواوە هەڵدەکات و لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باکوور خێراییەکەی دەگاتە 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ".
 
بە گوتەی جابری: "هەینی لەکاتی تۆز و خۆڵدا مەودای بینین لە عێراقدا بۆ 2 بۆ 4 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە."
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشوهەوا ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی چالاکی بای باشووری خۆرئاوا و هاتنی هەوایەکی فێنک لە دەریای نێوەڕاستەوه بەرەو هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکەم لە ئێوارەی هەینییەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانمان بگرێتەوه".
 
ئەو کەشناسە گوتی: "کاریگەری خۆڵبارینەکە زیاتر لەسەر کەرکووک، گەرمیان، هەڵەبجه، بەشێکی سلێمانی و دەشتی هەولێر دەبێت و لە ناوچەکانی دیکە لاواز دەبێت".
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی محەممەد کەمال، نیوەڕۆی شەممە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە و خۆڵبارین کۆتایی دێت.
 
محەممەد کەمال پێشبینیشی کرد، لە نیوەڕۆی شەمەوه بارستە هەوایەکی فێنک بگاتە هەرێمی کوردستان و کەشوهەوایەکی زۆر فێنکی سەرتاسەری، ناوچەکە بگرێتەوە و بەرزترین پله 32 پلە بێت لە گەرمیان؛ لە ناوچەکانی دیکە نیمچە سارد بێت.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئاسمان ساماڵ دەبێت؛ خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەندە، پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 39 پلەی سیلیزی 
سلێمانی: 37 پلەی سیلیزی
دهۆک: 38 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 33 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 37 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 41 پلەی سیلیزی 
زاخۆ: 39 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 39 پلەی سیلیزی
سۆران: 36 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 28 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 43 پلەی سیلیزی
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو

پاشیڤی رووداو؛ "کۆمێنت بنووسە و خەڵات ببەرەوە"

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.