رووداو دیجیتاڵ
راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستە لە کەرکووک قەدەخە دەکرێ و سزاکەی لە 25 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە دەستگیرکردن. شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، بڕیارەکە بە هاوئاهەنگیی قایمقامیەت، شارەوانی و هاتووچۆی کەرکوووک جێبەجێ دەکرێ.
قایمقامیەتی کەرکووک بڕیارێکی نوێی بۆ رێکخستنەوەی شۆستەکان دەرکردووە. بەپێی ئاگادارییەک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە رۆژی 16ـی ئەم مانگەوە داوا لە دانیشتووانی شارەکە کراوە پابەندی رێنماییەکان بن و شۆستەکان بەکارنەهێنن، چونکە بەشێک نین لە موڵکی تایبەت.
ئەو بڕیارە سێ جۆر سزای بۆ سەرپێچیکاران دیاریکردووە:
یەکەم: هەرکەسێک ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستە رابگرێ، بە بڕی 25 هەزار دینار سزا دەدرێ. بەڕێوەبەری شارەوانی و ئەفسەرانی هاتووچۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەو سزایەیان پێدراوە.
دووەم: ئەگەر خاوەن ئۆتۆمبێل سەرپێچییەکەی دووبارە کردەوە، پێبژاردنەکە دەبێتە 100 هەزار دینار.
سێیەم: لە ئەگەری بەردەوامبوون لەسەر سەرپێچی، سەرپێچیکار بۆ ماوەیەک دەستبەسەر دەکرێ کە لە 15 رۆژ زیاتر نەبێ، یان سزای دارایی دیکەی بەسەردا دەسەپێنرێ.
عەدنان شوکر، لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانیی کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە لەلایەن قایمقامییەتەوە دەرچووە، بەڵام بە هاوئاهەنگیی شارەوانی و هاتووچۆی کەرکووک جێبەجێ دەکرێ و پارەی پێبژاردنەکانیش لە رێگەی پسووڵەیەکەوە لەلایەن شارەوانیی کەرکووکەوە وەردەگیرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ