رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دوو ساڵ پێش ئێستا ژنێک لەلایەن هاوژین و برازایەکیەوە لە سلێمانی کوژرا، ئەو کات برازاکەی دەستگیرکرا، بەڵام هاوژینەکەی ئێستا دەستگیرکراوە.
رۆژی چوارشەممە، 17ی ئەیلوولی 2025، پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ''دوای ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی ژنێکی عەرەب لە ماڵێکدا کوژرا و کاتی روودانی تاوانەکە تۆمەتبارێک لەسەر دۆسیەکە دەستگیرکرا، دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی مادەی 406 بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارێکی دیکە دەرکرد، هێزەکانی پۆلیسیش لە بەدواداچوونەکانیان بەردەوام بوون بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبار و دەستگیرکردنی.''
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ''دوای لێکۆڵینەوە توانرا شوێنی تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کوشتن، بە هاوکاریی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی پارێزگای میسان، لەو پارێزگایە دەستگیربکرێت.''
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئەو تۆمەتبارەی دەستگیرکراوە عەرەبە و بە هاوکاریی کەسێکی دیکە هاوژینەکەی لە سلێمانی خنکاندبوو''.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، ئەو ژنە تەمەنی 30 ساڵ بوو، ماوەی ساڵێک بوو لە سلێمانی نیشتەجێ بوو و کاری دەکرد. ئەو تۆمەتباری ئێستا دەستگیرکراوە ناوی (ع. ع. ع)ـە و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ