لە ئێران مەرجی نووسینی "تۆبەنامە" بۆ ژنە بەندکراوێکی سیاسیی کورد دانراوە تاوەکو ببرێتە نەخۆشخانە

17-09-2025
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

22 رێکخراو و دامەزراوەی مافی مرۆڤ دەڵێن، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە بەرامبەر دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ژنە بەندکراوێکی سیاسیی کورد، داوای لێدەکەن "تۆبەنامە" بنووسێ.

ئەو رێکخراو و دامەزراوانە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، زەینەب جەلالیانی 17 ساڵە لە گرتووخانەدایە و بەهۆی ئەو نەخۆشییانەی تووشی بووە و بێبەشکردنی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، ژیانی لە مەترسیدایە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، زەینەب جەلالیان لە گرتووخانە تووشی نەخۆشییەکانی گورچیلە، کۆئەندامی هەرس و بینایی بووە و گومان دەکرێ تووشی شێرپەنجەش بووبێ و پێویستە بەزوویی پشکنینی تەواوی بۆ بکرێ.
 
ئەو رێکخراو و دامەزراوانە ئاماژەیان بە راگەیێندراوی 9 ریپۆرتەر و نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 1ـی ئایاری ئەم ساڵ داوە کە تێیدا داوایان لە دەسەڵاتی ئێران کردبوو بەخێرایی چارەسەری پزیشکی بۆ دابین بکرێ و دەڵێن، دوای ئەو راگەیێندراوە هیچ گۆڕانێک لە دۆخی زەینەب جەلالیان رووینەداوە.
 
ئەو 22 رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتی، کوردستانی و ئێرانییەی مافی مرۆڤ دەڵێن، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران مەرجی نووسینی "تۆبەنامە"ی داناوە بۆ زەینەب جەلالیان داناوە تاوەکو رێگە بدرێ رەوانەی نەخۆشخانە بکرێ و پشکنینی بۆ بکرێ.
 
زەینەب جەلالیان ساڵی 1982 لە شاری ماکۆی پارێزگای ورمێ لەدایکبووە و ساڵی 2008 لە کرماشان دەستبەسەرکرا. سەرەتا بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە لەسێدارەدان سزا درا، بەڵام دواتر سزاکەی بۆ بەندکرانی تا هەتایی کەمکرایەوە. ئەو هاونیشتمانییە ئێستا لە گرتووخانەی یەزد ماوەی سزاکەی بەسەردەبات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە