35 ناوەند و 120 وێستگەى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە هەرێمى کوردستان دەکرێنەوە

17-10-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆميسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، 35 ناوەند و 120 وێستگەى دەنگدان لە هەرێمى کوردستان بۆ بەشداریکردنى ئاوارە و هێزە ئەمنییەکان لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەکاتەوە.
 
رۆژی 17ى تشرینى یەکەمى 2023، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کۆمیسیۆن 23 ناوەندى دەنگدان لە دهۆک و حەوت ناوەند لە هەولێر و پێنج ناوەند لە سلێمانى بۆ دەنگدانى ئاوارەکان و کارمەندانى هێزە ئەمنیەکان کە وەک دەنگدانى تایبەت هەژمار دەکرێت دەکاتەوە."
 
جومانە غەلاى گوتیشى: "ژمارەى وێستگەکانى دەنگدان لە هەرێمى کوردستان 120 وێستگەن، 96 یان لە دهۆک و 13 یان لە هەولێر و 11 یان لە سلێمانى دەبن".
 
بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، 62 هەزار ئاوارە لە هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، 47 هەزاریان لەنێو کەمپەکانن و ئەوانى دیکە لە دەرەوەی کەمپن.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایکرد کە لەسەرانسەرى عێراقدا، 38 هەزار و 40 وێستگەى دەنگدان و حەوت هەزار و 766 ناوەندى دەنگدانى گشتى هەن کە دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى تێدا دەکرێت.
 
یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت؛ یەکەمجاریشه لەدواى 18 ساڵ هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.
 
38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن؛ 70 بەربژێرى سەربەخۆ و زیاتر لە شەش هەزار بەربژێرى دیکە لەنێو لیستى هاوپەیمانێتى و پارتەکاندا خۆیان بەربژێر کردووە.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.