وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: بەشێکی ئەو شوقانەی بە قەرزی درێژخایەن دەدرێتە هاونیشتمانیان 95٪یان تەواو بووە

17-10-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاونشیتمانییەک لە شاری سلێمانی دەڵێت، 22 ساڵە کرێچییە و فۆڕمی بۆ وەرگرتنی شوقە پڕکردووەتەوە کە لە 2015ـەوە دروستکراون بۆ کرێنشینان و نازانن کەی دابەش دەکرێن. گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، ئەو شوقانەی لە سلێمانی ٪95یان تەواو بووە خزمەتگوزارییان ماوە و لە داهاتوودا دابەشی دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، جووتیار عەبدوڵڵا، هاونیشتمانی لە شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "22 ساڵە کرێچیم؛ شوقە لە زڕگوێز و لە سلێمانی لە ساڵی 2015 تەواو بوون و دیارنییە کەی دابەشدەکرێن، من لە مانگی ئەیلوولەوە فۆڕمی وەرگرتنی شوقەم پڕکردووەتەوە، هیوادارم ئەمجارە حیزبایەتی و گەندەڵی تێدا نەبێت و بەوانە بدرێت کە شایستەن".
 
لەوبارەیەوە مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتجێبوونی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شوقەمان هەیە لە زڕگوێز و لە سیتەک لە سلێمانی 95٪ـی کارەکانیان تەواو کراون، ئەوەی ماوەتەوە خزمەتگوزارییە بۆ پڕۆژەکان".
 
لەبارەی کاتی دابەشکردنی شوقەکانەوە گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتجێبوون دەڵێت، "جارێ پڕکردنەوەی فۆڕم بەردەوامە و دوای تەواوبوونی کاتی دیارکراو و تەواوکردنی سەرجەم شوقەکان، بەسەر کەسانی شایستەدا دابەشی دەکەن.
 
8ی ئابی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە پێگەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەم دەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، لە ئەمڕۆوە دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە."
 
تاوەکو 18ی ئەیلوول، نزیکەی 20 هەزار هاونیشتمانی فۆرمی وەرگرتنی شوقەیان بە قەرزی درێژخایەن پڕکردبوویەوە و کۆدیان بۆ گەڕابووەوە.
 
ژمارەی شوقەکان 9004 شوقەیە و لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندان؛ بەشێکیان 95٪ی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80٪ و بەرەو خوارتر تەواو بووە تاوەکو دەگاتە 13٪؛ "ئێستا بەشێکی کەمیان کاریان تێدا دەکرێت."
 
نرخی شوقەکان جیایە و بەگوێرەی پڕۆژەکانە؛ پێشەکییان نییە و ئەو پارەیەی بۆ نرخی شوقەکە دادەنرێت دابەشی سەر 300 مانگ دەکرێت. بۆ نموونە، ئەگەر شوقەیەک نرخەکەی 30 هەزار دۆلار (3 دەفتەر) بێت، ئەو کەسەی وەری دەگرێت مانگانە 100 دۆلار قیستی لێ وەردەگیرێت.
 
بەگوێرەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، پڕکردنەوەی فۆرمەکە تاوەکو 1ـی مانگی 12ـی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە