رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاران سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەر پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینیدا سەپاند.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لقی 28ی دادگەی شۆڕشی سنە بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵات، سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەر محەممەد ساڵح نیکبەخت، یاسازان و پارێزەری پلە یەکی کورد و پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینیدا سەپاند و ئەمڕۆ سێشەممە سزاکەی پێڕاگەیێندرا.
نیکبەخت مانگی ئاداری 2023 لە دادگەی تارانەوە بانگکرا و بە بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئێران تۆمەتبار کرا و لە دوو دانیشتنی دادگەدا بەرگری لە خۆی کرد.
عەلی رەزایی، پارێزەری ساڵح نیکبەخت دەڵێت، لانی زۆری سزا بۆ ئەو تۆمەتە، یەک ساڵ بەندکردنە و دادگە ئەو سزایەی بەسەر بریگرتەکەیدا سەپاندووە و هیچ گرنگی بەو بەرگرییانە نەداوە لە دادگە خستوویانەتەڕوو.
رەزایی هەروەها دەڵێت، ساڵح نیکبەخت خواستی ئەوەی نییە تانە لە بڕیارەکە بدات، بەڵام ئەو وەکو پارێزەرەکەی ئەو کارە دەکات و داوا دەکات، سزاکە هەڵبوەشێندرێتەوە.
لەبارەی تۆمەتبارکردنیشی بە بانگەشەکردن دژی دەسەڵات دەڵێت، "ساڵح نیکبەخت لە دۆسیەی ژینا ئەمینیدا ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و کارێکی نایاسایی نەکردووە."
ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی راپۆرتی پزیشکی دادی ئێران لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی رەتکردووەتەوە و داوایکردووە، لیژنەیەکی پسپۆڕی بێلایەن لەو بارەوە بڕیار بدات. سزادانی پارێزەری دۆسێکەی لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا کەس لەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز لە 16-09-2022 سزا نەدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ