رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی غەواس لە کەناراوی بەنداوی بۆکان بە جلوبەرگی تایبەتەوە راهێنان لەسەر دەرهێنانی تەرم و رزگارکردنی خەڵک دەکەن. جگە لەوانەش لە بوارەکانی ژینگەش کار دەکەن.
هادی براخاس، سەرپەرشتی گرووپەکە دەڵێت، "ئێمە تیمێکی غەواسەین بەناوی شەپۆلی لاوانی بۆکان، ئامادەین هەر رووداوێک لەنێو ئاو رووبدات یارمەتیی خەڵک بدەین،" هەروەها هاوکاریی دەزگاکانی سەر بە حکومەت، وەکو تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، دەدەن.
چەند مەلەوانێکی لێهاتوو لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو ساڵە گرووپێکی غەواسیان پێکهێناوە بەناوی شەپۆلی لاوان و لەکاتی روودانی رووداوی خنکان لەنێو رووبار و بەنداوەکاندا، یارمەتیی خەڵک دەدەن بۆ دەرهێنانی تەرمەکان.
گرووپەکە لەو ماوە کەمەی تەمەنیدا 7 تەرمیان لە بەنداو و رووبارەکاندا دەرهێناوە.
بێهرۆز سادقیان، راهێنەر و ئەندامی تیمی شەپۆلی لاوان باسی لەوە کرد، ئامێری تایبەتیان بە دۆزینەوەی تەرم هەیە، کە خۆیان لە ئامێری تایبەت بە بینین و بیستندا دەبیننەوە.
گرووپەکە جگە لە بۆکان، لە شارەکانی دیکەی وەکو مهاباد، میاندواو و سایین قەڵا لە پارێزگای ورمێ و شارەکانی بانە و دیواندەرە لە پارێزگای سنەش چالاکیی هەبووە.
بە گوتەی هێمن مومەییزی، ئەندامی گرووپەکە، جگە لە دەرهێنانەوەی تەرم، تیمەکەیان بەلەم، ئۆتۆمبێل و شتی دیکەش لەژێر ئاودا دەردەهێننەوە. گرووپەکە جگە لە دەرهێنانی تەرم، بەشداری لە چالاکییەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگەش دەکات.
ئەندامانی گرووپەکە دوو هەفتە لەمەوبەر لە مهاباد بەشدارییان لە هەڵمەتی پاککردنەوەی ئەشکەوتی سەهۆڵان کرد و زبڵی ژێر ئاوی دەریاچەی نێو ئەشکەوتەکەیان کۆکردەوە.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 13 کەس لە رووبار و بەنداوەکانی پارێزگای ورمێ دا خنکاون. بەپێی ئامارێکی فەرمیی دادپزیشکیی ئێران، ساڵی رابردوو هەزار و 26 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە رووبار، بەنداوەکان و مەلەوانگەکاندا خنکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ