رووداو دیجیتاڵ
سزای دڕاندنی پۆستەری لیست و بەربژێران لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن پێبژاردن و بەندکردنی ئەو کەسەیە پۆستەرەکە دەدڕێنێت بە شەش مانگ، ئەگەر لایەنێکی رکابەر لە پشتی ئەو دڕاندنەوە بێت سزاکەی دەگاتە ئاستی دوورخستنەوە لە هەڵبژاردن.
حەسەن زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی هەینی، 17-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سزای دڕاندنی پۆستەر و وێنەی بەربژێر پێبژاردنی هەیە لە دوو ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات."
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 3ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستیپێکردووە و تاوەکو 8ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی تیمی رۆژنامەڤانی کۆمیسیۆن، ئەگەر ئەو کەسەی پۆستەرەکەی دڕاندووە بەربژێر یان سەر بە لایەنێکی دیاریکراو نەبێت سزاکەی دەگاتە شەش مانگ بەندکردن.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو 14ی تشرینی یەکەم، 400 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سزای پێبژاردن دراون بەهۆی پێشێلکردنی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.
حەسەن زایر دەڵێ: "ئەگەر ئەو کەس و لایەنەی کە پۆستەرەکانی دڕاندووە رکابەری بووبێت، سزاکەى دەگاتە ئاستی دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردن."
نزیکەی 8 هەزار بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ