رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە یەکشەممە 14 خوێندکاری کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر، بۆ گەشتێکی دوو هەفتەیی بنێردرێنە ئەڵمانیا. راگری کۆلێژەکە دەڵێت، ژمارەیەک خوێندکاری دیکەیان رەوانەی چین دەکەن.
د. سامان حوسێن، راگری کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەڵاحەدین، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو 14 قوتابییە 19ـی ئەم مانگە بە هاوئاهەنگی و رێککەوتن لەگەڵ رێکخراوی دادی (DAAD)ـی ئەڵمانی دەنێردرێنە ئەو وڵاتە".
خوێندکارەکان خوێندکاری زمانی ئەڵمانین لە زانکۆی سەڵاحەدین و تەنیا خوێندکارانی بەکالۆریۆس دەگرێتەوە و پەیوەندی بە خوێندکارانی خوێندنی باڵاوە نییە. د. سامان حوسێن گوتی: "ساڵی رابردوو ژمارەیەک قوتابی دیکەمان بەهەمانشێوە چوونە ئەو وڵاتە".
خوێندکارەکان سەردانی زانکۆکانی یەنا و لایپزگ لە ئەڵمانیا دەکەن. راگری کۆلێژی زمان گوتی، ئامانج لە گەشتەکە ئاشنابوونە بە زانکۆکانی ئەو وڵاتە و کولتووریان.
لە کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەڵاحەدین بەشەکانی زمانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، چینی، فەرەنسی، تورکی، فارسی و وەرگێڕان هەن.
د. سامان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم ساڵ 10 بۆ 15 قوتابیمان بۆ کۆرسێکی شەش مانگی دەنێرینە چین".
جگە لە خوێندکارانی بەشی زمانی چینی، خوێندکارانی زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی و وەرگێڕانیش دەتوانن داوا بکەن سەردانی چین بکەن. راگری کۆلێژی زمان گوتی: "مەرجی چین زانینی زمانی ئینگلیزیە و بۆ قوتابیانی چینیش مەرجی توانستی زمانی چینییە".
د. سامان حوسێن باسی لەوەشکرد، لەگەڵ کۆنسووڵخانەی وڵاتان هاوئاهەنگییان هەیە، بەڵام هاوکاری وڵاتان بۆ کۆلێژەکەیان سنووردارن. گوتیشی: "هاوکاری کۆنسووڵخانەکانی چین و ئەڵمانیا زیاترن لە وڵاتانی دیکە".
زانکۆی سەڵاحەدین لە 16 کۆلێژ و 86 بەش پێکدێت، نزیکەی 25 هەزار خوێندکاری بەکالۆریۆس و دوو هەزار قوتابی خوێندنی باڵای هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ