رووداو دیجیتاڵ
لەسەر خەرجکردنى پارەى دوو چەک بە "نایاسایی" کە زیاتر لە سێ ملیار دینار و 100 هەزار دۆلار بووە، دوو دۆسیە لەسەر لقى سلێمانى بانکى تى بی ئاى دەکرێتەوە، دەستەى دەستپاکیى عێراقیش نوێنەری بانکەکە بانگهێشتى دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرکووک دەکات.
بەگوێرەى ژمارەیەک نووسراو کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، دوو دۆسیە لەسەر لقى سلێمانى بانکى بازرگانیى عێراق (تى بى ئاى) کراوەتەوە کە پەیوەندارن بە خەرجکردنى بڕى سێ ملیار و 753 ملیۆن دیناری چەکى کۆمپانیاى چینى بۆ بەڵێندەرایەتى لە ساڵى 2019 لەلایەن ئەو بانکە، لە کاتێکدا بەگوێرەى بەڵگەنامەکان کۆمپانیاکە لەساڵى 2016 داوای کردووە کە ئەو چەکە خەرج نەکرێت، لەوبارەیەوە سکاڵایەک لە دادگەى لێکۆڵینەوەى دەستپاکى سەر بە دادگەى تێهەڵچوونەوەى سلێمانى تۆمارکراوە.
دۆسیەى دووەم تایبەتە بە خەرجکردنى بڕى 100 هەزار دۆلار بۆ کۆمپانیایەک لەلایەن لقى هەولێرى بانکەکەوە لەگەڵ ئەوەى کە بڕیارێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى جێبەجێکردنى پارێزگاى سلێمانى هەیە بۆ خەرجنەکردنى ئەو چەکە.
لە 15ى شوباتى 2023 وەزارەتى دارایی عێراق نووسراوێکى ئاڕاستەى لقى سلێمانیی بانکى تى بی ئاى کردووە و تێیدا داوایان لێدەکات زانیاریان لەبارەى ئەو دوو دۆسیەوە بداتێ لەگەڵ ئەو بڕیارەى دادگە، ئەوەش لەسەر بنەماى نووسراوێکى سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان بووە.
لە 18ى ئایارى 2023 بەگوێرەى نووسراوێکى دیکە، کە بانکى ناوەندى ئاراستەى بەڕێوەبەرى گشتى بانکى تى بی ئاى کردووە داوا دەکات زانیارییان لەسەر ئەو دوو دۆسەیە پێبدەن.
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو دۆسیەیەى ئاراستەى وەزارەتى دارایی و بانکى ناوەندى کردووە، ئەوانیش پرسەکەیان داوەتە دەست خودى بانکەکە، دواتر نووسراوی بۆ دەستەى دەستپاکى کرد و بەدوایدا لە رێگەى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانەوە دۆسیەکەی جوڵاندەوە و داوام لێکردن کە بەدواداچوون بکات
رۆژی 31ى ئابى 2023 حەیدەر حەنوون، سەرۆکى دەستەى دەستپاکى نووسراوێکى ئاڕاستەى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە لەسەر بنەماى نووسراوەکەى سۆران عومەر لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دۆسیەیەى بانکى تى بی ئاى بەردەوامە.
سۆران عەمەر رایگەیاند؛ بەگوێرەى رێکارەکان دەستپێلەکارکێشانەوە بە بەرپرسێکى لقى سلێمانى بانکەکە کراوە تاوەکو ئەو کاتەى لێکۆڵینەوە لەو دوو دۆسیەیە کۆتایی دێت.
لە 7ى ئابى 2023 نووسینگەى لێکۆڵینەوەکانى کەرکووکى دەستەى دەستپاکیی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەى بانکى تى بی ئاى کردووە، ئاماژەى بەوەداوە کە بەگوێرەى بڕیارى دادوەرى دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرکووک دەبێت نوێنەرى یاسایى ئەو بانکە ئامادەبێت بۆ ئەو دۆسیەى لە دژى (ر. ع.) کراوەتەوە لە بارەى چەند دۆسیەیەکى کە لە دادگەى لێکۆڵینەوەى دەستپاکى لە دادگەى تێهەڵچوونەوەى سلێمانی لەدژى تۆمارکراوە.
سۆران عومەر دەڵێت: "نوێنەرى یاسایى بانکەکە چووەتە بەردەم دادگە لە کەرکووک."
بانکى بازرگانیی عێراق لە ساڵى 2003 وەک دامەزراوەیەکى دارایی نیمچە فەرمى کاردەکات بۆ ئاسانکاریى پرۆسەى هەناردە و هاوردە لە عێراق. نوێنەرانى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتەکانى نەوت، دارایی و بازرگانى تێیدا ئەندامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ