رووداو دیجیتاڵ
یەکەم بارانی پاییزە لە سنووری مەریوان لە پارێزگای سنە باری. لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکەی گرتووەتەوە. لە ماوەیەکی کەمدا بارانێکی زۆر باری و بووە هۆی پەنگخواردنەوەی ئاو لە شەقامەکان.
55 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی وەرزی پاییز لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێ و ئەمە دەبێتە یەکەم بارین لە سنووری ناوچەی مەریوان.
لە 24 کاژێری رابردوودا زیاترین ئاستی بارانبارین لە پارێزگای سنە، لە شاری مەریوان تۆمارکراوە و زیاتر لە 30 ملیمەتر باران لەو شارە باریوە.
خەڵکی مەریوان بە بارینی باران دڵخۆشن، بەڵام هێشتا نیگەرانییەکانیان لەبارەی ئەگەری بەردەوامیی وشکەساڵی نەڕەویوەتەوە.
ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە شەشەمین ساڵی وشکەساڵیدان و وڵاتەکە رووبەڕووی قەیرانێکی کەموێنەی ئاو بووەتەوە و چەندین شاری گەورەی وەک تاران، کەرەج و مەشهەد کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای سنە، شەپۆلی بارانبارینەکە لە سنووری پارێزگاکە تاوەکو کۆتایی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش پلەی گەرما دادەبەزێ و ئەگەری بارینی بەفر هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ