رووداو دیجیتاڵ
دوای فەرمانی هەرێمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەقەزاکردنی ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ قایمقامی بۆ قەزاکە دانا.
بە نووسراوێک کە ژمارە 35671 و رێککەوتی دووشەممە 17-11-2025ـی لەسەرە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە واژۆی وەزیر فەرمانێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بڕیاردرا بە دانانی (جەمال ساڵح ئەحمەد) بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە قایمقامی قەزای رزگاری بە وەکالەت، لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت".
جەمال ساڵح، یەکەم قایمقامی قەزای رزگاری ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رزگاری شیاوی بە قەزاکردن بوو، بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردیان بە قەزا".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 23ـی ئەیلوولی 2025، فهرمانێكى ههرێمی بۆ هێنانهكايهى قهزاى رزگارى له سنوورى ئيدارەی سهربهخۆى گهرميان لە پارێزگای سلێمانی واژۆ كرد، كه ههمان سنوورى ئێستاى ناحيهکە لهخۆدهگرێت.
قایمقامی قەزای رزگاری گوتی: "قەزاکەمان زۆرینەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوانن؛ منیش کوڕە شەهیدێکم چیم پێ بکرێت بۆ خزمەتی رزگاریی درێخی ناکەم".
جەمال مام ساڵح دەڵێت: "چەند جارێک لێکۆڵینەوە کراوە، دەرکەوتووە رزگاری 25 فەرمانگەی تێدایە، لەوانە دادگە، فەرمانگەی دادنووسی و وێستگەی کارەبا، ئەوکاتە بە شیاو دانراوە بکرێتە قەزا".
قایمقامی رزگاری ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکە بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی رزگاری گرنگە؛ "چونکە فەرمانگەی دیکە هەن لێرە نەبوون و دوای بەقەزابوون دەکرێنەوە، شارەوانییەکەی لە پلە دووەوە دەبێتە پلە یەک و بانکی تێدا دەکرێتەوە، ئەمانە بۆ خەڵک پێویستن".
ئێستا ژمارەی دانیشتووانی رزگاری نزیکەی 50 هەزار کەسە، زۆربەیان رزگاربوو یان کەسوکاری ئەنفالن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ