لافاو زیانی بە زیاتر لە 40 خێزانی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان گەیاند

17-11-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لافاو لە شاری ئابدانانی پارێزگای ئیلام دروستبوو. بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگاکە دەڵێت، ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 40 خانوو و زیانیان بەرکەوتووە.

دوێنێ یەکشەممە، 16-11-2025، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی رووی لە ناوچەکە کردووە، لە سنووری شاری ئابدانانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لافاو دروستبوو و ئاو چووە نێو ژمارەیەک خانوو.
 
عەلی محەممەد پاکدڵ نەژاد، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگاکە رایگەیاند، ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 40 خانووی کۆمەڵگەی هەزارانی لە شاری ئابدانان و تیمەکانیان خەمڵاندنی زیانەکانیان دەستپێکردووە. 
 
پاکدڵ نەژاد ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم تیمەکانیان سەرقاڵی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانن و ''ئەو ماڵانەی زیانی کەمتریان بەرکەوتووە، بە شێوەی نەختینەیی قەرەبوو دەکرێنەوە.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگای ئیلام، هۆکاری دروستبوونی لافاوەکە بریتی بووە لە رێڕۆی ئاوی نزیک کۆمەڵگەکە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: ''هاوئاهەنگیی پێویست بۆ چاککردنەوەی رێڕۆکە کراوە و بە زووترین کات جێبەجێ دەکرێ.''
 
بەشێک لە خێزانەکان بەهۆی لافاوەکەوە کەلوپەلی نێوماڵیان تێکچووە. حەمزە محەممەدی موقەدەم، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری ئیلام رایگەیاند: ''تاوەکو ئەو کاتەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، تیمەکانمان لە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان بەردەوام دەبن.''
 
دانیشتووانی کۆمەڵگەی هەزارانی زیاتر لە سێ هەزار کەس دەبن. 
 
بەگوێرەی کەشناسیی ئێران، ئەمڕۆ لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵات، باکووری رۆژئاوا و رۆژئاوای وڵاتەکە کە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە، بارانبارین بەردەوام دەبێ و لە پارێزگاکانی ورمێ، کرماشان و سنە هۆشداریی بارانی بەخوڕ، بای بەهێز، تەم و لە ناوچە شاخاوییەکانیش هۆشداریی بارینی بەفر دەدرێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی کەلار

کارەبای گەرمیان: پێدانی کارەبا بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرما و زیادبوونی خواست، پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە. دەشڵێت، بەهۆی "نەبوونی نەختینە"ـەوە کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی سنوورەکە وەستاوە.