چاکسازی رەتیدەکاتەوە هیچ ژنێک 'بۆ کاری لەشفرۆشی' لە چاکسازییەکان برابێتە دەرەوە

17-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

داواکارێکی گشتیی پێشوو لە دادگەی سلێمانی لە دیدارێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە ساڵانی کاری خۆی کردووە و رایگەیاندووە، ئەو ژنانەی بە تۆمەتی لەشفرۆشی حوکم درابوون شەوان لە زیندانەکە "براونەتە دەرەوە و کاری سێکسییان پێکراوە". بەڕێوەبەرایەتیی گشتی چاکسازییەکان ئەوە رەتدەکاتەوە؛ بەڕێوەبەرەکەشی دەڵێت، دژی ئەو دادوەرە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکرێت.
 
حاکم ناز نووری، داواکاری گشتیی پێشوو لە دادگەی سلێمانی لە بەشێکی دیدارێکی رۆژنامەڤانیدا کە 14ـی ئەم مانگە (دامەزراوەی میدیایی درەو) بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، "دەگەڕێمەوە بۆ ساڵانی 1999 – 2000، لەنێو چاکسازیی گەوراندا ئافرەتی تێدابوو کە بەهۆی لەشفرۆشییەوە حوکم درابوو؛ ئێمە کە دەچووین بۆ زیندان قسەمان لەگەڵ دەکردن، رۆژێک یەکێک لەوانەی لە زینداکە بوو گوتی؛ ئێمە زۆر بێزارین. گوتمان بۆچی؟ گوتی زۆرجار بە شەوان دێن دەمانبەن کاری سێکسییمان پێدەکەن. لە زیندانەکاندا ئەمڕۆ شتی زۆر سەیر و سەمەرەی زیاتر لەوە روودەدات."
 
لەبەرامبەردا ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دیدارەکە باسی ساڵانێک دەکات کە چاکسازییەکان هەر نەبوون. لەبەرامبەر ئەو قسانەشدا بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی سکاڵای یاسایی دژی [حاکم ناز نووری] تۆمار دەکەن."
 
لەسەر قسەکانی داواکاری گشتیی پێشوو لە دادگەی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتی چاکسازیی کۆمەڵایەتی بە هاوئاهەنگی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستاندا کاری کردووە بە رەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان، خاچی سووری نێودەوڵەتی، رێکخراوە نێوخۆیی و بیانییەکان، پەرلەمان و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ. بەداخەوە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا لە یەکێک لە میدیاکاندا سەرۆكی پێشووتری فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی هەندێک بابەتی ئاماژە پێداوە سەبارەت بە رەوشی چاکسازییەکان لە رابردوودا کە کۆمەڵێک زانیاری ناڕاست و هەڵبەستراوی تێدایە."
 
چاکسازیی هەرێمی کوردستان بێ ئەوەی ئاماژە بە نێوەڕۆکی قسەکانی حاکم ناز نووری بکات دەڵێت، "دەمانەوێت بۆ رای گشتی روون بکەینەوە، ئەو بابەتانە دوورن لە راستییەوە و باسی ساڵی (2003) دەكات و هیچ پەیوەندی بە چاكسازییەوە نییە؛ چاوپێكەوتنەكەش مێژووەكەی بۆ دوو ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازی دەڵێت، "بەداخەوە بەڕێزیان [حاکم ناز نووری] كەسێكی یاساییە و خۆ ناكرێت هەموو قسەی سزادراوێك وەك راستی وەربگیرێت و پێوستی بە بەڵگە و سەلماندن هەیە؛ بردنە دەرەوەی هەر سزادراوێك چەندین رێكاری یاسایی و كارگێڕی پێویستە؛ تەواوی رێڕەو و هۆڵ و بەشەكانی چاكسازی پەیوەست كراون بە سیستمی كامێرای چاودێرییەوە؛ هەروەها چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2008 دامەزراوە وەک ناوەندێك بۆ ئەو کەسانەی کە بە ماددەیەکی یاسایی سزادراون و بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە بە رەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.