رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد تورک، سیاسەتڤان و کەسایەتیی ناسراوی کورد، بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین لە باکووری کوردستان بەربژێر دەکاتەوە.
میدیاکانی نزیک لە دەم پارتی بڵاویانکردەوە، ئەحمەد تورک بڕیاریداوە بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی مێردین بەربژێر بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بە فەرمی داوای بەربژێربوونی لە دەم پارتی دەکات.
ئەحمەد تورک لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2014 و 2019 بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین هەڵبژێردرا و هەردوو جاریش قەییوم لەشوێنی دانرا.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
ئەحمەد تورک
- ساڵی 1942 لە مێردین لەدایکبووە
- سیاسەتڤان و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتییە
- 1973-2011 شەش خول پەرلەمانتار بووە
- 1989 بەهۆی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی کورد لە پاریس بەهۆی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە پارتی سۆسیال دیموکراتی خەڵک دەرکرا
- 1990 پارتی رەنجی گەلان (هەپ)ی دامەزراند
ئەندامی دامەزرێنەری:
- پارتی کۆمەڵگەی دیموکراسی (دەتەپە)
- بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراسی (دەهەپە)
- پارتی دیموکرات (دەپە)
- پارتی دیموکراتی گەل (هادەپ)
- پارتی گەلی دیموکرات (دێهاپ)
بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە زیاتر لە سێ ساڵ بەندکراوە
2014-2019 دووجار بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین هەڵبژێردرا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ