لە رۆژانی داهاتوودا بارانی کەم لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبارێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی پێشبینیی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران، تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە باران دەبارێ و کەمترین بڕیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت.

کەشناسیی ئێران، رۆژی چوارشەممە 17-12-2025 راپۆرتی پێشبینیی کەشوهەوای لە رۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە. 
 
بەپێی راپۆرتەکە، چوارشەممە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بارانی پچڕ پچڕ دەبارێ، بەڵام لە پارێزگاکانی باکووری ئێران، خۆراسانی رەزەوی، خۆراسانی باکوور و باشوور، کرمان، فارس، بووشێهر، هورموزگان و ودوورگەکانی باشووری ئێران و ئیسفەهان بارانی بەخوڕ دەبارێ.
 
کەشناسیی ئێران رایگەیاندووە، بۆ رۆژی پێنجشەممە پێشبینی دەکرێ جگە لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، تەورێز و بەشێکی سیستان و بەلوچستان، لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە باران و لە هەندێک شوێن بەفر و تەرزە ببارێ. 
 
بەپێی پێشبینیی کەشناسیی ئێران، رۆژی هەینیش لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە باران دەبارێ، جگە لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و تەورێز.
 
بۆ رۆژانی شەممە و یەکشەممەی داهاتووش پێشبینی دەکرێ، باران لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئێران ببارێ و لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشبینی بارینی باران و بەفر نەکراوە.
 
سەحەر تاجبەخش، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران رۆژی چوارشەممە 17-12-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێ لە زستاندا بڕی بارین لەو وڵاتە ئاسایی بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا بارین کەمبووە، کەمیی بارین قەرەبوو نابێتەوە.
 
تاجبەخش لەبارەی ژیانەوەی دەریاچەی ورمێش رایگەیاند، رەوتی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ تەنیا بە زیاتربوونی بڕی بارین چارەسەر نابێت و بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەکە دەبێت کۆنترۆڵی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو و رژانی بەشەئاوی تەواوی دەریاچەکە لە ئاوە سەرزەوییەکان بکرێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە